چاودێرانی سیاسی: پێویستە هێزی چەكدار‌ و هەڵگرتنی چەك بە یاسایی بكرێن

08:02 - 12/06/2019
کوردستان

لایەنە سیاسییەكان: هێرشكردنەسەر لایەنەسیاسییەكان پرۆسەی سیاسیی لە هەرێم ناشیرین دەكات

لە كاردانەوەی هێرشكردنە سەر مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان و شەهیدكردنی رێبەند فەرهاد، چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن: توندوتیژیی سیاسی، بەشێكە لە ئەدەبیات و مێژووی حزبی دەسەلاتدار‌و  بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانیش بە نیگەرانییەوە دەڵێن: پەروەردە و تێگەیشتنی حزبی دەسەڵاتدار بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەجیاتی یەكتر قبوڵكرن، پەنا بردنە بۆ هێزی چەكدار.


نەبوونی هێزێكی چەكداری نیشتمانی، جگە لەوەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، ناشیرین كردوە، لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهانیش خستویەتییە ژێر پرسیارەوە.

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن: توندوتیژی سیاسی، بەشێكە لە ئەدەبیات و مێژووی حزبی دەسەلاتدار، جگە لەمەش بەهۆی ئەوەی هێزی چەكداریان بەدەستەوەیە و زۆر لایان ئاساییە لەسەر بابەتێكی بچوك، پەنا بۆ چەك ببەن، بۆیە پێویستە هێزی چەكدار و هەڵگرتنی چەك، بە یاسایی بكرێت.

بەشێك لە حزبە سیاسیەكان رایدەگەیەنن: ئەزموونی رابردوو نیشانی داون كە زەرەرمان كردوەو ئەمەی ئێستاش دەگوزەرێت، روخساری پرۆسەی سیاسی ناشرین دەكات، دەشڵێن : بەداخەوە پەروەردەو تێگەیشتنی حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەجیانی زمانی ئاشتی‌و گفتوگۆ، پەنا بردنە بۆ هێزی چەكدار.

بەهۆی هێزی میلیشیاوە، هەرێمی كوردستان بەردەوام لە یەكلاییكردنەوەی ململانێ سیاسیەكان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، رووبەڕووی توندوتیژی چەكداری دەبێتەوە‌و لەئەنجامدا جگە لەوەی قوربانی لێدەكەوێتەوە، پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی دەكەوێتە ژێر پرسیار و ولاتانی هاوپەیمانانیش، بەگومانەوە هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن.

149 جار خوێندراوەتەوە