بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان لەسەر سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی كوردستان

08:01 - 12/06/2019
کوردستان

كۆمەڵی ئیسلامی ئیدانەی شەهیدكردنی رێبەند فەرهاند دەكات
پارتی: هەڵكوتانە سەر لایەنەكان خزمەت بە فكری پێكەوەیی ناكات لە سلێمانی
یەكگرتووی ئیسلامی: هەڵكوتانە سەر لایەنەكان هەرێمی كوردستان بەرەوە ئاقارێكی خراپ دەبات


بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان، داوای سەقامگیری سیاسی دەكەن لە هەرێمی كوردستان‌و داواش دەكەن، كۆتایی بە هەڵكوتانە سەر بارەگای حزب‌و هێز و لایەنە سیاسیەكان بهێنرێت‌و گیانی یەكتر قبوڵكردن پەیڕەو بكرێت، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، ئیدانەی شەهیدكردنی رێبەند فەرهاند دەكات‌و پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت: ئەو بارودۆخە، خزمەت بە فكری پێكەوەیی لایەنەكان ناكات لە سلێمانی، یەكگرتوی ئیسلامییش پێیوایە،كاری لەوجۆرە، هەرێمی كوردستان بەرەوە ئاقارێكی خراپ دەبات.


شەهیدكردنی رێبەند فەرهاد، پارێزگاری خۆبەخشی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، جگە لە نیگەرانیی خەڵك‌و كەسوكارو خانەوادەكەی، نیگەرانی لای هێزو لایەنە سیاسیەكانیشدا دروست كردوە، بۆچونی بەشێك لەو لایەنە سیاسییانە وایە، دەبێت سەقامیگری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بێتە ئاراوە ‌و پێویستە واز لە كلتوری هەڵكوتانە سەر بارەگای هێزو لایەنی سیاسی بهێنرێت‌و لەجیاتی ئەوە گیانی یەكتر قبوڵكردن پەیڕەوبكەن.

وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی دەڵێت: ئەو بارودۆخە، خزمەت بە فكری پێكەوەی لایەنەكان ناكات لە سلێمانی

لە كاتی بەشدارییكردنی وەفدێكی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە پرسەی شەهید رێبەندا، ئەندمێكی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند: ئەوان ئیدانەی ئەو جۆرە كارە دەكەن‌و داواش لەدەزگا ئەمنییەكان دەكەن، بكەرانی ئەو ڕوداوە، بەزویی ڕوبەڕوی یاسا بكرێنەوە

هاوكات یەكگرتوی ئیسلامی كوردستانیش پێیوایە، كاری لەو جۆرە، هەرێمی كوردستان بەرەوە ئاقارێكی خراپ دەبات‌و پێویستە رێگەی ئاشتییانە بۆ گفتوگۆكردن بگیرێتە بەر..  

ئێستا خەڵك‌و هێزولایەنە سیاسیەكانیش، داوای ئارامی ‌و ئاشتەوایی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و پاراستنی سەقامگیری سیاسی دەكەن، داواش دەكەن ئەمە جۆرە كارو كردەوانە چیتر نەبنە كلتورو دیاردە بەتایبەت هەڕەشەكردن‌و هەڵكوتانە سەر بارەگای هێزولایەنە سیاسییەكان.

162 جار خوێندراوەتەوە