دادگای باڵای عێراق: سزای لەسێدارەدانی داعشە فەرەنسییەكان كەم نەكراوەتەوە

04:45 - 12/06/2019
عێراق

ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، ڕەتی دەكاتەوە هیچ رێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و حكومەتی پاریس هەبێت بۆ كەمكردنەوەی سزای لەسێدارەدانی داعشە فەرەنسسەكان، كە لە عێراقدا دادگایی كراون..

لە بەیاننامەیەكدا، عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند: ئەو سزایانەی دادگاكانی عێراق سەپاندوویانە، بەسەر ئەو چەكدارانی داعش كە بەرەچەلەك فەرەنسین، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە دەكرێت، هەر ئەوەش خاوەنی دەسەڵاتی رەزامەندییە لەسەر ئەو سزایانەی كە لە دادگای تاوانەكانەوە دەرچووە، بە پەسەندكردن یان رەتكردنەوە، لەوەشدا بارودۆخی تاوانەكە لەبەرچاو دەگیرێت، نەك ڕێككەوتنی نێوان حكومەتەكان.

وتیشی: لە دەسەڵاتی دادگای پێداچوونەوەیە، حوكمەكان پەسەند بكات، یاخود كەمیان بكاتەوە، یاخود بیانگێڕێتەوە بۆ دادگا بۆئەوەی سەرلەنوێ پرۆسەی دادگاییكردنەكە دەستپێبكاتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، هەردوو حكومەتی پاریس و بەغدا رێككەوتون لەسەر سوككردنی سزای ئەو چەكدارانەی داعش.

91 جار خوێندراوەتەوە