سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بەسەردانێكی دوو رۆژە بەرەو ئێران بەڕێكەوت

02:01 - 12/06/2019
جیهان

شینزۆ ئابی: ئامانجمان ئاشتی و سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
شینزۆ ئابی: لەسەردانەكەمدا لەگەڵ عەلی خامنەیی و حەسەن روحانی كۆدەبمەوە


شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بەسەردانێكی دوو رۆژە بەرەو ئێران بەرێكەوت، پێش گەشتەكەشی رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران و رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران كۆدەبێتەوە.

شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن پێش بەڕێككەوتنی بۆ ئێران لە فڕۆكەخانەی هانیدا لە تۆكیۆ ڕایگەیاند، ئامانجیان لە سەردانەكەیان بۆ ئێران هێوركردنەوەی گرژیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكایە و لەسەردانەكەیدا چاوی بە حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆمار و عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەكەوێت و لەو بارەیەوە ئالوگۆڕی بیرورایان لەگەڵ دەكات.

لە ماوەی 40 ساڵی دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران یەكەمجارە سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن سەردانی ئێران بكات.

ئەم سەردانەی ئابی، دوای ئەوە دێت كە لەماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ بەسەردانێكی چەند رۆژە چوە ژاپۆن و لەگەڵ ئیمپراتۆر و سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبویەوە.

ژاپۆن یەكێك لە كڕیارانی نەوتی ئێرانە كە ئێستا بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە كڕینی نەوتی لەو وڵاتە راگرتوە.

215 جار خوێندراوەتەوە