بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێم

08:45 - 10/06/2019
کوردستان

ئاراس وەلی: دەبێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بێت نەك سەرۆكی حزب و لایەنێك
مەحمود محەمەد: رێككەوتنە سیاسییەكان دەبنە بەرنامەی كاری سەرۆكی هەرێم
كاوە مەحمود: ئەركی سەرۆكی هەرێمە هەوڵی دروستكردنی لەشكرێكی نیشتمانی بدات
محەمەدی حاجی مەحمود: دەبێت نووسینەوەی دەستور ئەركی گرنگی چوار ساڵی داهاتووی سەرۆكی هەرێم بێت


بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان، لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا داوادەكەن، سەرۆكی هەرێمی كودرستان، سەرۆكی هەرێم بێت، نەك سەرۆكی حزب‌و لایەنێك، نوسینەوەی دەستورو یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو یەكخستنی نێو ماڵی كورد، بە ئەو لەویەتی كارەكانی دەزانن.

هەرچەندە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم لە هۆڵێكدا، كە هەموو لایەنە سیاسیە ناوخۆیی عێراقی ‌و هەرێمیەكانی كۆكردبوەوە، بەڵام  پرسیاری ئەوە لەلای هێزو لەیەنەكان دروستبوو كە ئەو چەتری پێكەوەییە تەنها بۆ وێنەی مەراسیمەكە بوو یاخود هەنگاوی كرداری بۆ دەنرێت.

ئاراس وەلی, ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: دەبێت نێچیرڤان بارزانی، بە كردەیی سەرۆكی هەرێم بێت، نەك سەرۆكی حزب و لایەنێك و جەختیش دەكاتەوە, كە دەبێت سەرۆكایەتیی هەرێم، كاربكات بۆ ئەوەی هێزو چەكدارانی حزب لە ژێر لەشكری كوردستان، یەك بگرێتەوە.

هاوكات، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: رێككەوتنە سیاسیەكانی نێوان پارتی و گۆڕان و پارتی و یەكێـتی، دەبێتە بەرنامەی كاری سەرۆكی هەرێم.

لای خۆیەوە، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان وتی: ئەركی سەرۆكی هەرێمە كە هەوڵی دروستكردنی لەشكرێكی نیشتمانی و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بدات.

هاوكات، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دەڵێت: نووسینەوەی دەستور دەبێتە ئەركی گرنگیی چوار ساڵی داهاتووی سەرۆكی هەرێم و هەردوو سەرۆكایەتیەكەی تری حكومەت و پەرلەمان.

421 جار خوێندراوەتەوە