وەزیری كارەبای عێراق: بەخشینی عێراق لەسزاكانی ئەمریكا بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە

05:36 - 08/06/2019
عێراق

وەزیری كارەبای عێراق رایدەگەیەنێت، سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران لە بواری وزەدا، لەئێستادا عێراق ناگرێتەوە و بەخشینی عێراقیش لەو سزایانە بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە.

لوئەی خەتیب، وەزیری كارەبای عێراق، بە رۆژنامەی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی، رایگەیاند، وەزارەتی كارەبا، رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، بەتایبەتی بۆ وەرزی هاوین.

راشیگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەئێستادا 3500 مێگاوات كارەبای زیاتر بەرهەمدەهێنن.

وتیشی، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا گفتوگۆیان كردووە و دڵنیایانكردونەتەوە كە سزاكان لەو بوارەدا لەئێستادا عێراق ناگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەخشینی عێراق لەو سزایانەی خراوەتە سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی دۆخی جیاوازی عێراق و پێویستی بەهاوردەكردنی سوتەمەنی و وزەی كارەبا لە ئێران، واشنتۆن چاوپۆشی لەبەغدا كردوە.

133 جار خوێندراوەتەوە