ads top

سعودیە‌و ئیمارات‌و نەرویج وردەكاریی هێرشكردنە سەر كەشتییەكانیان ئاشكرا دەكەن

05:28 - 07/06/2019
ئابوری

سعودیە‌و ئیمارات‌و نەرویج: كەشتییەكانمان لەنێو دەریادا مینیان پێوە لكێنراوە

سعودیە و ئیمارات و نەرویج، ئەنجامی سەرەتایی لێكۆڵینەوە لە هێرشكردنە سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكانیان لە دەریای عومان، ئاشكرا دەكەن و رایدەگەیەنن: ئەو كەشتییانە لەنێو دەریادا مینیان پێوە لكێنراوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆ شییەتد پرێس بڵاوی كردەوە: نوێنەرانی هەریەك لە سعودیە‌و ئیمارات و نەرویج  لە نەتەوە یەكگرتوەكان، دەرئەنجامی سەرەتایی لێكۆڵینەوە لە رووداوی هێرشكردنە سەر 4 كەشتییە نەوتهەڵگرەكانیان لە نزیك كەناراوەكانی ئیمارات، ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە. 

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لەلایەن نوێنەرانی ئەو سێ‌ وڵاتەوە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش كراوە، ئەو كەشتیە نەوت گوێزەرەوانەی لە 12ی مانگی رابردوو لەنزیك كەناراوەكانی ئیمارات هێرشیان كرایە سەر، پێدەچێت لەڕێگەی ژێر دەریاییەوە مینیان پێوەلكێنرابێت و لایەنێكی حكومیشیان بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتباركردوە بێ‌ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر ئەمریكا، ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتباركرد كە لە مانگی رابردوو كرایە سەر 2 كەشتیی سعودیە  و كەشتییەكی ئیمارات و كەشتیەكی نەرویج.

5254 جار خوێندراوەتەوە