لەرۆژانی جەژندا لەم جۆرە خواردنانە بەدوربن

06:10 - 03/06/2019
تەندروستی

پسپۆڕێکی بواری پزیشکی رایدەگەیەنێت، ئەو كەسانەی لە رەمەزاندا بەڕۆژووبوون و میتابۆلیزیان خاو بۆتەوە و نەخۆشی دڵیان لەگەڵە لە رۆژانی جەژندا، دوور بكەونەوە لە شیرینی و سوێریی، چونکە دەبنە هۆكاری كێشەی تەندروستی بۆ دڵیان.

 

پسپۆڕێکی نەخۆشیەكانی دڵ و دەمارەكان دەڵێت نەخۆشی دڵ یەكێكە لە نەخۆشییە هەستیارەكان و دەبێت کەسەکە بەردەوام ئاگاداری خۆی بێت و هەندێك رێوشوێن هەیە تووشبوان بیگرنە بەر كە سەرەتا خۆی لە سیستەمی خۆراكدا دەبینێتەوە.

پرۆفیسۆر دكتۆر مورات چەلیك لە تورکیا، پێشنیاز دەكات لە رۆژانی جەژندا خواردنی سەوزە و میوە و شلەمەنی زیاد بكرێت و لە خۆراكە ئاژەڵییەكان دوربکەونەوە و ئەو گۆشتانەشی كە پێویستە بخورێن با لەشێوەی برژاو، كوڵاو یان بەبوخاردا بن باشترە.

هۆشداریش دەدات كە ئەوانەی نەخۆشی دڵیان لەگەڵە نابێت ئەو بەرهەمانە بخۆن كە چەوری زیانبەخشیان تێدایە و دەڵێت، ''لە بەرهەمەكانی شیر، گۆشتی سپی و سووردا چەوری زیانبەخش كەمە. لە خۆراكە ئامادەكراوەكاندا وەك سەلامی (سۆسیج و هاوشێوەكانی) رۆنی زیانبەخشی زۆری لەنێودایە. رەنگە ئەوانەیش كاریگەری بكەنه ‌سەر دیوارەكانی دڵ و ببنە هۆی خراپبوونی نەخۆشییەكە یان تەشەنەكردنی نەخۆشییەكە. دووربكەونەوە لە خواردنە لەقتونراوەكان. ئەو نەخۆشانەی پەستانی خوێنیان هەیە پێویستە وریابن لە بەكاربردنی خوێدا. لەناو دۆشاو، پەنیر و خۆراكە خۆشكراوەكاندا رێژەیەكی زۆر خوێ هەیە. پێویستە ئەوانەیش لە رێژەیەكی دیاریكراودا بەكارببرێن''.

مورات چەلیك باسی لەوەش كرد كە خەڵكی هەوڵ دەدەن لە جەژندا و لە دوای مانگێك رۆژوو گرتن ئەو خواردنانە زۆرتر بخۆن كە لێی دووربوون، هاوكات ئامۆژگاری بۆ جەژن خستەڕوو و وتی: '' لە جەژندا كەم و ناوە ناو بخۆن، زۆر شیرینی مەخۆن، ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە كاتێك خواردنێك دەخۆن كە رێژەی شەكر تیایاندا بەرزە لە ماوەیەكی كەمدا ئاستی شەكر لە لەشیاندا ناهاوسەنگ دەبێت و بە هۆیەوە نەخۆشییەكەی بەرەوخراپبوون دەچێت، بۆ ئەوەی لە جەژندا دڵتان قورسایی نەكەوێتە سەر وریابن لەو شتانەی دەیخۆن''.

728 جار خوێندراوەتەوە