ڕاوێژكاره‌كه‌ی ڕوحانی هۆكاری كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی ئاشكراكرد

11:00 - 30/05/2019
کوردستان

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕاوێژكاری حه‌سه‌ن روحانی چووه‌ به‌رده‌م دادگا و هۆكاری كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ تۆماركردنی ده‌نگی خۆی و ناردنی بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان گه‌ڕانده‌وه‌.



محەمەد عەلی نەجەفی, راوێژكاری حەسەن رۆحانی, سەرۆك كۆماری ئێران دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 28-5-2019 ته‌رمی میترا ئوستادی، هاوسه‌ری له‌ حه‌مامی ماڵه‌كه‌ی خۆیدا دۆزرایه‌وه‌ خۆی ڕاده‌ستی پۆلیس كرد و دانی نا بە كوشتنی هاوسەرەكەیدا به‌وه‌ی كه‌ بە چەند گولەیەك كوشتویه‌تی.



له‌یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییه‌كه‌یدا كه‌ له‌دادگای تاوانه‌كانی تاران به‌ڕێوه‌چوو، نەجەفی باسی له‌وه‌كرد، كه‌هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌وی تۆماركردووه‌ و ناردویه‌تی بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، له‌كاتێكدا پێشتر وتبوی به‌هۆی كێشه‌ی خێزانییه‌وه‌ كوشتیویه‌تی.



هاوكات كچه‌ 13 ساڵه‌كه‌ی نه‌جه‌فی، كه‌ دایكی له‌لایه‌ن باوكیه‌وه‌ كوژراوه‌، له‌ دادگاییكردنی باوكیدا ئاماده‌بوو، له‌باره‌ی ژیانیانه‌وه‌ وتی، به‌به‌رده‌وامی باوكم له‌ دایكمی داوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌شی لێكردووین كه‌ تێزاب ده‌كات به‌ ده‌موچاوماندا.

هه‌روه‌ها وتیشی، به‌رده‌وام باوكم كه‌له‌دایكمی داوه‌، دایكیشم بێده‌نگ نه‌بووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ باوكم كردووه‌ كه‌ ده‌بێت كارێك بكه‌م ئابڕوت ببه‌م.



 میترا ئوستاد, كه‌ كچه‌ كوردیكی كرماشانه‌ و هاوسەری نەجەفی تەمەنی 38 ساڵ بوەو ژنی دوەمی نەجەفی بوە ‌و لە چەند فیلمێكی سینەمایشدا ئەكتەر بووە.



محەمەد عەلی نەجەفی, راوێژكاری حەسەن رۆحانی, سەرۆك كۆماری ئێران، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌ بیركاریدا و له‌ساڵی 2017 بۆ 2018 سه‌رۆكی شاره‌وانی تاران بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شداری ئاهه‌نگێكی خوێندكارانی كردووه‌، له‌لایه‌ن پارێزگارانه‌وه‌ فشاری لێكراوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.



نه‌جه‌فی پێشتریش وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و فێركردن بووه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی میر حسین موسه‌وی و له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د خاته‌میش به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌ی پلاندانان و بودجه‌ بووه‌.

15968 جار خوێندراوەتەوە