پەرلەمان بڕیاریدا لە 100%ی دەنگەكان بە دەستیی هەژمار بكرێن و 9 دادوەریش كارەكانی كۆمسیۆن جێبەجێ بكەن

05:13 - 06/06/2018
عێراق

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، كۆبوونەوەی په‌رله‌مانی عێراق دەستیپێكردو رێژەی یاسایی تێپەڕاند بە ئامادەبوونی 173 پەرلەمانتار.

كاوە محەمەد، ئەندامی په‌رله‌مانی عێراق بە KNN ی راگەیاند: رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو بووە و 173 پەرلەمانتار ئامادەی كۆبو‌ونەوەكەن.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ په‌رله‌مانی عێراق پرۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی  پەسەند كردو یاساكە لەكاتی پەسەندكردنیەوە جێبەجێ دەكرێت.

هەروەها بڕیاریدا 9 دادوەر بخاتە جێگەی كۆمیسیارەكان، واتە لە جێگەی سەرۆكی كۆمیسیۆنەكان لە هەر پارێزگایەكی عێراق دادوەرێك دادەنرێت و پەرلەمان بڕیاریدا كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە تەواوی رابگیرێن و ده‌بێت سه‌رجه‌م دەنگەكانی سندوقه‌كانی ده‌نگدان بەدەست بژمێردرێتەوە.

پەرلەمان ئەنجامی دەنگدانی تایبەتیشی لە هەرێمی كوردستان رەتكردەوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا پارتی و یەكێتی بەشداریان نەكرد، ئەمە لە كاتێكدایە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان سێیەم دانیشتن بوو بەڕێووە چوو، پارتی و یەكێتی تەنانەت وەفدی هاوبەشیشیان پێك دەهێنا بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكە رازی بكەن بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكەن و فەشەلی پێبهێنن.

 

2172 جار خوێندراوەتەوە