فەرەنسا؛ حەفتا و دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سینەمایی كان بەڕێوە چوو

07:54 - 26/05/2019
هەمەڕەنگ

فەرەنسا؛ خەڵاتەكانی پێشبڕكێی فێستیڤاڵی فیلمی سینەمایی كان ئاشكرا كران
دەرهێنەرێكی كۆریای باشوور خەڵاتی چڵە دارخورمای زێڕی وەك باشترین دەرهێنەر بردەوە
ژنێكی ڕەشپێستی فەرەنسی-سەنیگالی خەڵاتی چڵە دارخورمای زێڕی بۆ باشترین فیلم بردەوە
ئەكتەرێكی بەریتانی بەباشترین ئەكتەری ژن دیاری كرا 
 ئەكتەرێكی ئیسپانی بەباشترین ئەكتەری پیاو دیاری كرا 
دەرهێنەرێكی فەرەنسی بە باشترین سیناریستی حەفتاودوەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كان دیاری كرا


خەڵاتەكانی پێشبڕكێی فێستیڤاڵی فیلمی سینەمایی كان لە حەفتاودوەمین خولی دا ئاشكرا كران، بۆ یەكەم جار دەرهێنەرێكی كۆریای باشوور وەك باشترین دەرهێنەر و هونەرمەندێكی ژنی ڕەشپێستی فەرەنسی-سەنیگالی بۆ باشترین فیلم، خەڵاتی چڵەدارخورمای زێڕیان بردەوە. هەروەها ئەكتەرێكی بەریتانی وەك باشترین ئەكتەری ژن و  ئەكتەرێكی ئیسپانی وەك باشترین ئەكتەری پیاو و دەرهێنەرێكی فەرەنسیش وەك خاوەنی باشترین سیناریۆ دەستنیشان كران.

 

حەفتاودوەمین خولی فێستیڤاڵی كان، ڕۆژی ١٤ی ئایاری ئەمساڵ بە بەشداریی چەندین ئەستێرەی جیهانی دەستی پێ كرد و تا ٢٤ی ئایاری ٢٠١٩ لە شاری كانی فەرەنسا بەردەوام بوو، ڕۆژی 25ی ئایار لە ڕێوڕەسمێكی قەشەنگدا براوەكانی ئەم خولەی دەستنیشان كران و خەڵاتیان پێ بەخشررا.

لە خولی ئەمساڵدا وێنەیەکی هونەرمەندی کۆچکردووی فەرەنسی ئانییس ڤارادا كە باشترین دەرهێنەری فەرەنسا بوو، وەکوو پۆستەری سەرەکی بۆ فێستیڤاڵەکە دانرا، كە مانگی مارسی ئەمساڵ كۆچی دوایی كرد و یەكێك لە فیلمەكانیشی لەم خولەدا بەشداریی كردبوو.
 

 

لە فێستیڤاڵەكەدا ١٩ فیلم پێشبڕكێیان كرد، كە بەشێكیان لە خولەكانی پێشتردا خەڵاتیان بردوەتەوە. لەم خولەدا هەریەكە لە "ئیگزافیە دۆلان" دەرهێنەری كەنەدی و "تیرانس مالیك" دەرهێنەری ئەمریكی و "ئیلیا سلێمان" دەرهێنەری فەلەستینی و كۆمەڵێك دەرهێنەری تر ئامادەی بوون. سەرەتا فێستیڤاڵەكە بە فیلمی "مردوەكان نامرن" كرایەوە، كە یەكێك بوو لە فیلمەكانی دەرهێنەری ئەمریكی جیم جارموش.

ئەو فیلم و چالاكییانەی ئەمساڵ پێشكەش كران، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ڕێژەیەكی زۆریان لەلایەن خانمانەوە بوو، كە تێیدا ١٣ دەرهێنەر بەشدارییان كردبوو.

 

براوەكانی ئەم خولەی خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی كان ئەمانە بوون:
 یۆنگ جۆن هوو، دەرهێنەری كۆریای باشوور وەكوو باشترین دەرهێنەر خەڵاتی چڵە دارخورمای زێڕینی فێستیڤاڵەكەی بردەوە، یۆنگ جۆن هوو یەكەم دەرهێنەری كۆریای باشوورە ئەم خەڵاتە بباتەوە، كە بە فیلمێكی كۆمیدیی ڕەش بە ناوی (باراسایت) بەشداریی كردبوو كە باسی لە كێشە چینایەتییەكانی كۆمەڵگای نوێی كۆریای باشووری دەكرد.

خەڵاتی باشترین فیلم درا بە خانمە دەرهێنەری فەرەنسی- سەنیگالی ماتی دیپۆ. دیپۆ یەكەمین ئافرەتی ڕەشپێستە لە مێژووی 72 ساڵەی فێستیڤاڵی فیلمی كاندا ئەو خەڵاتە بباتەوە، كە بە فیلمێكی درێژی بەڵگەنامەیی بە ناوی (ئەتڵانتیكس) بەشداریی كردبوو.

هەر لە پێشبڕكێی ئەم خولەی فێستیڤاڵی فیلمی سینەمایی كان باشترین ئەكتەری ژن و پیاو دەستنیشان كران.

 ئەكتەری بەریتانی ئیمێلی بێكهام خەڵاتی باشترین ئەكتەری ژن و ئەكتەری ئیسپانی ئەنتۆنیۆ باندێراس خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاوی بردەوە.

دەرهێنەری فەرەنسی (سیلین سیاما)یش وەك باشترین سیناریست بۆ سیناریۆی فیلمی (تابلۆی خاتوون دەسووتێ) دەشتنیشان كرا.

فێستیڤاڵی كان یەكێكە لە فێستیڤاڵە سینەماییە جیهانییە بەناوبانگەكان، ساڵی ١٩٤٦ دامەزراوە و هەموو مانگی ئایارێك لە شاری كانی فەرەنسا بە بەشداریی چەندین ئەستێرە و كەسایەتیی هونەری بەڕێوە دەچێت و تێیدا خەڵاتی زێڕین دەبەخشرێت باشترین ئەكتەر و دەرهێنەر و فیلم و سیناریست... هتد.

205 جار خوێندراوەتەوە