بەپەلە

ads top

پەرەسەندنەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە

06:48 - 21/05/2019
جیهان

ترەمپ: ئامادەن دانوستان لەگەڵ ئێران بكەین
رۆحانی: هەلومەرجی ئێستا لەبار نییە بۆ دیالۆگ


پەرەسەندنەكانی پرسی ئاڵۆزبونی زیاتری پەیەندیەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە. سەرۆكی ئەمریكا دەڵَێت, هەركاتێك ئێران بخوازێت. ئەوان ئامادەن دانوستانیان لەگەڵ بكەن.حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت هەلومەرجەكە لەبار نیە بۆ دیالۆگ.


چاودێرانیش پێیان وایە چاو سوركردنەوەی ئەمریكاو كۆكردنەوەی هێز لەناوچەی كەنداو دژی ئێران. گوشارخستنە سەر تارانە, بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

لەگەڵ ئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران و شەڕە قسەی بەرپرسانی هەردوولاو كۆكردنەوەی هێز لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام دوایین پەرەسەندنەكانی ئەو پرسە پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە.

هەر چەندە بەم دواییانە ئەمریكا هێزێكی زۆری لەكەنداو‌و  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆكردوەتەوەو هەردو كەشتیگەلی زەبەلاحی فڕۆكەهەڵگری ئەبراهام لنكۆڵن‌و ئارلینگۆتنی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردوەو فڕۆكەی بی 52 و چەندین رێوشوێن و ئامادەباشیی دیكەی سەربازیی دژی ئێران گرتوەتە بەر. بەڵام لەم چەند رۆژەی دواییدا گوتاری میدیایی بەرپرسانی ئەمریكا بەتایبەت لەسەر زاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا. جیاواتر دەردەكەوێت, لەبارەی ئەگەری روبەڕوبونەوەو هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران.

ئەوەش لەگەڵ رای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی یەكدەگرێتەوە  كەباسیان لەهەڵنەگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریكاو ئێران دەكردو پێیان وابوو كۆكردنەوەی هێز. گوشارخستنە سەر تاران بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەرمێزی گفتوگۆ و دانوستان لەسەر پرسە جیاوازەكان.

دۆناڵد ترەمپ پێش ئەوەی كۆشكی سپی بەرەو ویلایەتی پەنسلڤانیا جێبهێلێت. لەلێدوانێكیدا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، هەركات ئێران داوا بكات ئامادەن دانوستانیان لەگەڵ بكەن. دەشڵێـت ئابوریی ئێران بەرەو هەرەسی زیاتر دەڕوات.

دەشڵێت, ئەگەر ئێران زیان بگەیەنێت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوا روبەڕوی هێزێكی گەورە دەبێتەوە.
بەوتەی سەرۆكی ئەمریكا, كەسانێك لەوڵاتەكەی بۆ زیادكردنی قازانج و سەرمایەكانیان. دەخوازن ئەمریكا جەنگ لەگەڵ ئێران هەڵبگیرسێنێت.

جەیمس ماتیس, وەزیری پێشوی بەرگری ئەمریكاش رایگەیاند, پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگ ناكات لەنێوان ئەمریكاو ئێران لەناوچەی كەنداو. دەشڵێت كۆكردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست, تەنها بۆ روبەروبونەوەی هەر ئەگەرێكی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندیەكانی واشنتۆنە لەناوچەكە.

بەمەبەستی خستنەڕووی دواین پەرەسەندنەكانی ئاڵۆزیی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران. مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەو  پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری و جۆزیف دانفۆرد سەرۆكی ئەركانی هاوبەش و نوێنەرێكی دەزگای هەواڵگریی. دەچنە بەردەم كۆنگریس.

هاوكات وەزیری بەرگریی بەریتانیا لەپەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند, تەواوی هەوڵەكانی خۆیان خستوەتە گەڕ بۆ هێوەركردنەوەی بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران. بەڵام جەختیكردەوە ئەگەر مەترسیی دروست بێت لەسەر هاوپەیمانەكانیان. ئەوا پشتیوانیی ئەمریكا دەكەن دژی ئێران.

لەنوێترین هەڵوێستی گەورە بەرپرسانی ئێران لەبەرامبەر قسەكانی ترەمپ بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران. حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند, ئەوان لەگەڵ گفتوگۆدان، بەڵام هەلومەرجی ئێستا گونجاو نیە بۆ دیالۆگ. جەختیشیكردەوە لەئێستادا بژاردەی سەرەكیان, بەرگرییكردنە.

لەچاوپێكەوتنی لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن-یش جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وتی, ئەوەی ئەمریكا دەیكات یارییەكی مەترسیدارەو ئەوان دانوستان لەگەڵ واشنتۆن رەتدەكەنەوە. چونكە ئەمریكا پابەند نەبوە بەڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە.  

نوێنەری ئێرانیش لەنەتەوەیەكگرتوەكان لەنامەیەكدا, داوای لەسكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتوەكان كرد رۆڵی خۆی بگێڕێ و هەوڵبدات بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتییش ناوچەی كەنداو.

5492 جار خوێندراوەتەوە