وەزیری بەرگریی بەریتانیا: ئامادەین هاوكاریی ئەمریكا بكەین بۆ لێدانی ئێران

03:07 - 21/05/2019
جیهان

وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایدەگەیەنێت، نیگەرانی بارودۆخی كەنداون و لە ئەگەری گرژبونی دۆخەكەدا پشتیوانیی لە هەوڵەكانی ئەمەریكا دەكەن.

پێنی مۆردونت، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی نیگەرانی خۆی لە گرژبوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دەربڕی و رایگەیاند، لە ئەگەری دروستبونی مەترسیی بۆ هاوپەیمانەكانیان پشتیوانیی ئەمەریكا دەكەن لە دژی ئێران.

راشیگەیاند: هێزەكانی بەریتانیا لە كەنداو جێگیربون و لە ئەگەری هەر رووداوێكدا بەرگریی لە بەرژەوەندییەكانی هاوپەیمانەكانیان بە تایبەت ئەمەریكا دەكەن، بەڵام لەندەن دوایین هەوڵەكانی خستوەتەگەڕ بۆ هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە.

وتیشی، پێگەیەكی گرنگیان لە كەنداو هەیە و رۆڵیان دەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی و هاوپەیمانەكانیان لە ئەگەری دروستبوونی هەڕەشە و مەترسیی لە لایەن ئێرانەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان جەنگیان ناوێت لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا رووبەڕووی هێرش بێتەوە، ئەوا كاردانەوە و وەڵامیان دەبێت، بۆیە پێویستە ئێرانییەكان بە وردی بیر بكەنەوە.

4044 جار خوێندراوەتەوە