پەرلەمانی عێراق هاوردەكردنی مریشك و هێلكە و ماسیی قەدەغە كرد

08:37 - 20/05/2019
ئابوری

ژووری بازرگانی سلێمانی: بڕیارەكە سوودبەخشە و داوا دەكەین حكومەتی هەرێم پابەندبێت پێوەی  
نازم عەبدوڵا: پێویستە حكومەتی هەرێم نرخ رێك بخاتەوە‌و گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ بدات 


پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی دەكرد تایبەت بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشك و هێلكە و ماسی لە دەرەوەی عیراق و داواش دەكات، هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەش پێوەی پابەند بن. ژوری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، پێشوازی لە بڕیارەكە دەكەن و داوا دەكەن، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێی بكات.

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 17 یدا بە پشت بەستن بە بڕگە 2 ی ماددەی 59 ، بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی مریشكی زیندوو ‌و بەستوو , هێلكە و ماسی.

 لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بڕیارەكە لە پێناوی پارێزگاریكردنە لە بەرهەمی ناوخۆ و توندكردنەوەی گومرگی سنورەكانە, جەختیش كراوەتەوە بڕیارەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پارێزگا ناڕێكخراوەكان دەرچوە و نابَیت هیچ لایەن و شوێنێك سەرپێچی بكات.

وتەبێژی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانیش، بڕیارەكە بە گرنگ لەقەڵەم دەدات و ئاماژە بەوە دەكات، بەرهەمی ناوخۆیی و بە تایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی، لە ئاستێكدایە جگە لە پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەرهەمەكانیان ڕەوانەی پارێزگاكانی دیكەش دەكەن.

خاوەنی یەكێك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیش داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، پابەندی بڕیارەكە بێت و ڕێگری لە هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی بكات، لە پێناوی زیانمەند نەبوونی كێڵگە پەلەوەریەكانی ناوخۆ و قەرەبوركدنەوەی ئەوەی زیانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لێیان كەوتوە. 

لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا 800 پڕۆژە و  1250 هۆڵی تایبەت بە بەخێوكردنی مریشك و پەلەوەر هەن و 30 پرۆژەی دیكەش لە تەواوبوندان, كێلگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیش ساڵانە 67 هەزار تەنی پێداویستی پارێزگاكە دابین دەكەن و زیاتر لە 100 هەزار تەنیش بەرهەمی زیادە دەنێرنە دەرەوەی پارێزگای سلێمانی.

1337 جار خوێندراوەتەوە