ads top

سلێمانی... یاری سینی و زەرف لە شەوانی مانگی رەمەزاندا

05:20 - 19/05/2019
گەلەری

ماوەی دوو ساڵە لە شەوانی مانگی رەمەزاندا بەشێک لە گەنجانی شاری سلێمانی کاتەکانی خۆیان بە ئەنجامدانی یاری سینی و زەرف بەسەر دەبەن و وەک خۆیان دەڵێن یارییەکە زیاتر لەم مانگەدا تام و چێژی خۆی ھەیە.

 

ئەم یارییە زیاتر لە شاری کەرکووک ناسراوە و شەوانی رەمەزان خەڵکی شارەکە لە پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکان کۆدەبنەوە و ئەم یارییە ئەنجام دەدەن، بەڵام ماوەی دوو ساڵە لە شاری سلێمانی گەنجانی کەرکووک کە نیشتەجێی شارەکەن ئەم یارییە زیندوو دەکەنەوە.

 

پێشکەوت عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری یارییەکە، رایگه‌یاند: "ئەم یارییە زیاتر لە نیو سەدەیە لە کەرکووک ھەیە و برا تورکمانەکان زیاتر پێی بەناوبانگن و ئەنجامی دەدەن و نەتەوە جیاجیاکانی شارەکە کۆدەکاتەوە لە شەوانی مانگی رەمەزاندا".

 

وتیشی: "ئەمساڵیش کۆمەڵێک لە گەنجانی دانیشتووی شاری سلێمانی لە شەوانی مانگی رەمەزاندا لە کافێیەکی تایبەت کۆدەبینەوە بۆ ئەنجامدانی یاری سینی و زەرف و یاری کڵاوکڵاوێن و بۆ چەند ساتێک کاتێکی خۆشتر لە دەوری یەک بەسەر دەبەین".

 

بەشداربووانی ئەو یارییە دەڵێن، یارییەکە کە لە سینییەک و ١١ زەرف پێکھاتووە و بونجوقێکی لە ژێردا شاردراوەتەوە و بە زمانی خۆیان بە دوو گوڵ پێویستە کەسی بەرامبەر بیدۆزێتەوە، زیاتر لە مانگی رەمەزاندا تام و چێژی تایبەت بە خۆی ھەیە و لە مانگەکانی تری ساڵدا کەمتر ئەم یارییە ئەنجام دەدرێت. 

 

 

260 جار خوێندراوەتەوە