جیهان؛ بەرپرسانی ئەمریكا و ئێران دەیانەوێت ناكۆكییەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن

06:56 - 16/05/2019
جیهان

دۆناڵد ترەمپ: لەو بڕوایەدام ئێران دەیەوێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا دانوستان دەست پێ بكات
وەزیری دەرەوەی ئیران؛ تاران خوازیاری شەڕ نییە
ڤلادیمێر پوتن؛ وا باشترە ئێران پابەندی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بێت


سەرەڕای توندبونەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوانیان، بەرپرسانی ئەمریكا و ئێران نایشارنەوە كە نایانەوێت پەنا بۆ رێگە چارەی سەربازی بەرن بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكانیان، دواین لیدوانی دۆنالد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی باڵای ئێرانیش بەئاراستەی گەڕانەوەیە بۆسەر مێزی گفتوگۆ.  

سەرەرای بەردەوامی گرتنبەری رێوشوینی سەربازی لەدژی ئێران، بەڵام ئەمریكا تاكو ئێستاش بێ‌ هیوا نیە لەوەی كەدواجار دەسەڵاتدارانی تاران بێنە سەر مێزی گفتوگۆ ،لێدوانی بەرپرسانی ئێرانیش ئاماژەیە بۆئەوەی كە ئەوانیش هەمان تێڕوانینان بۆ چارەسەركردنی  كێشەكانیان لەگەڵ ئەمریكا هەیە.

لەو چوارچێوەیدا و لەدواین لێدوانیدا لەو بارەویە، دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا گەشبینی خۆی بۆ دەستپێكرنی دانوستان لەگەڵ ئێران نیشاندا.

ترەمپ لە تویتێكدا دەڵێت، لەو بروایەدایە كەئێران دەیەوێت لەئایندیەكی نزیكدا دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا دەستپێبكاتەوە.

دواین لێدوانی محەمەد جەواد زەریفی  وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەبارەی ئاڵۆزییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران و دۆسیەی رێككەوتنە ئەتۆمیەكەش  تارادەیەك بەهەمان ئاراستەیە.

زەریف لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ژاپۆن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدارایگەیاند، وڵاتەكەی خوازیاری شەڕ نیە بەڵام  لەریی هێزەوە بەرگری لەبەرژوەندیەكانی دەكات.

وەك ئاماژەیكیش بۆ رێككەتنامە ئەتۆمیەكە وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ناكرێت تەنها یەك لایەن پابەندی رێككەوتنێكی هەمەلایەنە بێت.

لێدوانی بەرپرسانی  وڵاتانی جیهانیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە رای گشتی نێودەوڵەتیش بە ئاراستەی چارسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانە  بە رێگەچارەی سیاسی نەك شەڕ و ئاڵۆزی زیاتر.

لەو بارەیەوە ڤلادیمێرپوتن سەرۆكی روسیا لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا نەمساییەكەی رایگەیاند، واباشترە ئێران  پابەندی رێككەتنامە ئەتۆمیەكە بێت و چەندجارێكیش ئەوەمان بە بەرپرسانی تاران راگەیاندوە.

بەپێچەوانەی سیاسیەكان لێدوانی فەرماندە سەربازییەكان بەئاراستەی هەڵگیرسانی شەڕە، لەو باریەوە  حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی  رایگەیاند  ئیران لەلێواری ڕووبونەوەی دوژمنەكانیدایە.

 سەرەڕای لێدوانی توندی فەرماندە سەربازییەكان، بەڵام پێدەچێت دواجار چارەسەری سیاسی ناكۆكیەكانی نێوان واشنتۆن و تاران یەكلایی بكاتەوە، ئەوەش لە سەربنەمای خواستی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات بۆ خۆ بە دوورگرتن لە روبەڕوبونەوەی سەربازی.

942 جار خوێندراوەتەوە