بەرپرسێكی سعودیە: بەفەرمانی ئێران حۆسیەكان هێرشیان كردۆتە سەر دامەزراوەیەكی نەوتیمان

04:26 - 16/05/2019
جیهان

جێگری وەزیری بەرگری سعودیە رایدەگەیەنێت، بەئامانجگرتنی كەرتی نەوتی وڵاتەكەی، لەلایەن گروپێك چەكداری سەر بەئێران، چارەسەركردنی ئالۆزییەكانی ناوچەكە لەرێگەی سیاسیەوە لەباردەبات.

لەتویتێكدا، خالد بن سەلمان، جێگری وەزیری بەرگری سعودیە رایگەیاند، بەئامانج گرتنی دوو وێستگەی هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی لەلایەن چەكدارانی حوسییەكانەوە، ئەوە دەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی تاران، ئەو چەكدارانە وەكو ئامرازێك بەكاردەهێنن بۆ سەپاندنی ئەجیندا و جێبەجێكردنی پرۆژەكانی لەناوچەكەدا.

وتیشی، ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی لەلایەن حوسییەكانەوە، هەوڵەكانی چارەسەركردنی دۆخی یەمەن و سنورداركردنی ئالۆزییەكانی ناوچەكە، لەرێگەی سیاسیەوە لەبار دەبات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لەرۆژی سێ شەممەی رابردوو، حۆسیەكان لەرێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دوو وێستگەی هەناردەكردنی نەوتی سعودییەیان كردە ئامانج.

264 جار خوێندراوەتەوە