چەمچەماڵ؛ پەیامنێر و وێنەگری KNN لەسەر سكاڵای دوو بەرپرسی ئه‌منی یەكێتی دەستگیركران

03:48 - 16/05/2019
کوردستان

پێشتر ئەو دوو بەرپرسە ئەمنیە لەسەر سكاڵای KNN دووجار چونەتە بەردەم دادگا

دوای نۆ ساڵ لە هێرشكردنە سەر تیمی KNN لە خۆپیشاندانێكدا لە چەمچەماڵ, لەبری دەستگیركردنی بكەرانی ئەو هێرشە, پەیامنێر و وێنەگری KNN بەبێ‌ تاوان لەسەر سكاڵای دوو بەرپرسی ئەمنی یەكێتییەوە لەلایەن پۆلیسی چەمچەماڵەوە دەستگیركران.


پەیامنێری KNN ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەریەك لە ئاری لوقمان پەیامنێر و هێمن ئەحمەد, كامێرامانی KNN لە چەمچەماڵ, لەلایەن پۆلیسی چەمچەماڵەوە دەستگیركراون, لەبەدواداچونێكی KNN بۆ ئەو دۆسیەیە, دەركەوتوە تیمەكەی KNN لەسەر سكاڵای دوو بەرپرسی ئەمنی یەكێتی دەستگیركراون, هۆكاری سكاڵاكەی ئەو دوو بەرپرسە لەسەر تیمەكەی KNN بۆ خۆدەربازكردن بوە لەو سكاڵا یاساییەی كە پێشتر له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوسه‌كه‌وه‌ لەسەریان تۆماركراوه‌.



وتیشی: ئەو دوو بەرپرسە لە ڕێگەی فەیسبوكی ساخته‌وه‌, بەناوی ئاری لوقمانی پەیامنێری KNN ەوە قسەیان بەخۆیان وتوە و دواتر ڕۆشتون لەدادگا لە ژێر ناوی تەشهیر و ناوزڕاندنەوە سكاڵایان لەدژیان تۆماركردوە, بۆیە دادگا هەریەك لە (ئاری لوقمان-په‌یامنێر و هێمن ئەحمەد - كامێرامان)ی له‌ تیمی پەیامنیرانی KNN ی دەستگیركردوە تا ئەو كاتەی بە كەفالەت ئازاد دەكرێن.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە, ئەو دوو بەرپرسە ئەمنیەی یەكێتی پێشتر دووجار لەسەر سكاڵای KNN چونەتە بەردەم دادگا.

770 جار خوێندراوەتەوە