شادی نەوزاد: لە لایەن سەرۆكی فراكسیۆنەكەمانەوە هەڕەشەی دورخستنەوەم لێكراوە

12:39 - 16/05/2019
کوردستان

شادی نەوزاد: ئۆفیسی سەرەكی نەوەی نوێ شوێنێكی متمانە پێكراو نیە


سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌، هەڕەشە لەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنەكەی دەكات كە دۆسیەی هەڕەشە و پەیجەكانی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێی ئاشكراكرد.


شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ، لە راگەیەندراوێكدا كەئاڕاستەی رایگشتی كردوە دەڵێت، كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ  لە رێگەی دادنوسەوە نامەیەكی نایاسایی و هەڕەشەئامێزی ئاراستەكردوە و هەرەشەی دورخستنەوەی لە فراكسیۆن لێكردووە، ئەگەر بەشداری كۆبونەوەی فراكسیۆنەكەیان نەكات لە ئۆفیسی سەرەكی نەوەی نوێ.

شادی نەوزاد باسی لەوەشكردووە، ئەو شوێنە بۆ ئەو  و چەند ئەندامێكی تری فراكسیۆنەكەیان جێگای متمانە نیە، بەڵام ئەوان فیراریان نەكردووە و لە ئەشكەوت خۆیان نەشاردۆتەوە تا سەرۆكی فراكسیۆن بچێت لە رێگەی دادنوسەوە هەڕەشە بكات و داوای كۆبوونەوە لە شوێنێكی گوماناوی و نائەمین بكات.

رۆژی ٢٤ی مانگی رابردوو شادی نەوزاد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەلایەن چەند كەسێكی نزیكی شاسوار عەبدولواحیدەوە بەبڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سێكسی هەرەشەی لێكراوە، لەبەرامبەر ئەو كارەش ئەو پەرلەمانتارە سكاڵای یاسایی لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ تۆماركرد.

3078 جار خوێندراوەتەوە