بەنداوی دەربەندیخان تەنها یەك مەتری ماوە سەرڕێژ بكات

05:45 - 15/05/2019
کوردستان

ئێستا نزیكەی 150 مێگاوات كارەبا لە بەنداوی دەربەندیخان بەرهەم دەهێنرێت

ئاستی ئاوی دەربەندیخان، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و بە وتەی بەرپرسانی بەنداوەكەش: ڕۆژانە بڕی پێنج سانتیمەتر ئاستی ئاو لەبەنداوەكەدا بەرز دەبێتەوە,  تەنها یەك مەتری ماوە بۆ ئەوەی بەتەواوی سەرڕێژ بكات.

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو مەترسی و گرفتانەی لە رووداوی بومەلەرزەكەی ساڵی 2017ەوە دوچاری بەنداوەكە بوون، چارەسەر نەكراون.

بەرپرسی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای دەربەندخانیش دەلێت: لەم كاتەدا، نزیكەی 150 میگاوات كارەبا لە بەنداوەكەوە بەرهەمدەهێنرێت..

وەرزی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو كۆتایی دەچێت, بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان, بەردەوام لە بەرزبونەوەدایە.

ڕۆژانە ئاستی ئاوی بەنداوەكە, نزیكەی ( 5 ) سم زیاد دەكات و  تەنها (1 ) مەتری ماوە بۆ ئەوەی بە تەواوی پڕ ببێت و سەررێژ بكات.

بەرپرسانی بەنداوی دەربەندیخان, بۆ كەمكردنەوەی ئەو مەترسیانەی بومەلەرزەكەی ساڵی (2017)لەو بەنداوە دروستیكردون, لەڕێگەی بەردانەوەی ئاوەكەوە كۆنتڕۆڵی دەكەن.

كاتژمێر (9 ) شەوە, لەڕێگەی یەكێك لە گەلەرییەكانی بەنداوەكەوە, بە قوڵایی نزیكەی ( 250 ) مەتر, دەچینەخوارێ بۆ ژێر بەنداوی دەربەندیخان, بەهۆی مانەوەی گرفتەكانی ئەو بەنداوە بە چارەسەر نەكراوی, بە شەو و ڕۆژ بە چەند ڕێگەیەك, بەرپرسانی بەنداوەكە لە چاودێریكردنی دۆخی بەنداوەكەدان.

لەئێستادا, لە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای بەنداوی دەربەندیخان, نزیكەی ( 150 ) مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنرێت, بە وتەی بەڕێوبەری وێستگەكە, بەهۆی بەرزی ئاستی ئاوی بەنداوەكەوە, لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا دەتوانن, لە نێوان ( 120 بۆ 140 ) مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن.

بەنداوی دەربەندیخان، توانای گلدانەوەی 2 ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە, لە ئێستادا, نزیكەی 2 ملیار و 450 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە, وا بڕیاریشە لە هاوینی ئەمساڵدا, حكومەتی عێراق, بە چەند قۆناخێك دەست بە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە بكات كە بەهۆی بومە لەرزەوە لە بەنداوەكەدا دروستبوون.

3332 جار خوێندراوەتەوە