باڵەكایەتی؛ گۆمی فێڵاو بوەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران

05:43 - 15/05/2019
کوردستان

گۆمی فێڵاو لە دەڤەری باڵەكایەتی, ساڵانێكە بەهۆی جوانی و سەرنجراكێشییەكەی, ناوبانگی پەیدا كردوەو ساڵ بە ساڵیش گەشتیاری زیاتر سەردانی دەكەن.

ئەوەی گەشتیارانی نیگەران كردوە ئەوەیە, دەبێت رێگایەكی خۆڵی دورودرێژ ببڕن و هیچ خزمەتگوزارییەك بۆ ئەو شوێنە گەشتیارییە نەكراوە.

گۆمی فێڵاو ، ئەو گۆمەی ماوەی سێ ساڵە بوەتە جێگەی سەرنجی خەڵك و ناوچەیەكی گەشتیاری گرنگ لەباڵەكایەتی، هەربۆیە ساڵ بەساڵ ڕێژەی سەردانیكردنی زیاتر دەبێت.

فێڵاو لە وشەی فێڵەوە هاتووە، بەوپێیەی هەركاتێك ئاوی ناو گۆمەكە لەشوێنی خۆی دەوەستێت، هەموو شتەكانی دەوروبەری تیایدا ڕەنگ دەدەنەوە، بەتایبەتیش ڕەنگدانەوەی دیمەنی بەفری لوتكەی حەساری سەركران.

دیمەنێكە لە جوانی و سروشت، لەهەر وەرزێكدا ڕەنگێك دەنوێنێت، تا سەیری بكەی لێی تێر نابیت، خەڵكی ناوچەكە خۆبەخشانە ژینگەكەی لە پیس بوون دەپارێزن، سەردانكەرانیش وێنەو ڤیدیۆی یادگاری لەناو سیحری جوانی ئەم گۆمەدا، تۆماردەكەن و لەیادەوەرییاندا هەڵی دەگرن.

فێڵاو، ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردوە، هەربۆیە لەتەواوی شارەكانی هەرێم خەڵك سەردانی دەكەن، بەفری لوتكەی شاخەكان و گوڵ و گوڵزارو دەنگی گیانەوەرە ئاوییەكان، جوانیەكی تریان بە گۆمەكە بەخشیوە.

فێڵاو، یەكێكە لە گۆمە گەشتیارییەكانی باڵەكایەتی، بەدووری 160 كم دەكەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر، نزیكەی 5 بۆ 7 كم لەسەنتەری قەزای چۆمانەوە دوورە، جگە لە بردنی ڕێگایەكی خۆڵ، هیچ خزمەتگوزارییەكی تری گەشتیاری بۆ نەكراوە.

990 جار خوێندراوەتەوە