عێراق؛ شەپۆلێكی گەرما بەڕێوەیە

03:22 - 14/05/2019
عێراق

سبەینێ لە سەرجەم شارەكانی هەرێم پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە

شارەزایەكی كەشناسی عێراق، رایدەگەنێت: لە چەند رۆژی داهاتودا پلەكانی گەرما لە بەغداو پارێزگاكانی دیكە 40 پلە تێدەپەڕێنێت و كەشناسی هەرێمیش دەڵێت: سبەینێ لە سەرجەم شارەكانی هەرێمیش پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.

محەمەد دوری، شارەزای بواری كەشناسی عێراق رایگەیاند: لە چەند رۆژی داهاتو, عێراق دەكەوێتە ژێر كاریگەری بارستە هەوایەكی گەرمی ناوچەكانی باكوری ئەفریقاو باشوری دورگەی عەرەبیەوەو ماوەی چەند رۆژێكیش دەخایەنێت.

ئاماژەی بەوەشكردوە: بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرماوە، پلەكانی گەرما لە بەغداو چەند پارێزگاكانی دیكەی عێراق، 40 پلە تێدەپەڕێنێت.

هاوكات, لە راگەیەنراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، رایگەیاند: سبەینێ لە سەرجەم شارەكانی هەرێم پلەی گەرما بەرز دەبێتەوەو لە كەركوك بە تۆماركردنی 38 پلە، گەرمترین ناوچەی هەرێم دەبێت.

2457 جار خوێندراوەتەوە