عێراق؛ هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی محەمەد حەلبوسی لە ریزەكانی دووردەخاتەوە

11:49 - 14/05/2019
عێراق

هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی: حەلبوسی پابەندی چوارچێوەی كاركردنی هاوپەیمانێتییەكە نەبووە
هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی: هەوڵ دەدەین حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دووربخەینەوە 

هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هاوپەیمانێتییەكەی دووردەخاتەوە و ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەر بە پێكهاتەی سوننەش، هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی میحوەری وەتەنییان راگەیاند.

لە بەیاننامەیەكدا، هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی رایگەیاند: بەهۆی هەوڵەكانیان بۆ پەرتكردنی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی و پابەند نەبوون بە ئامانجەكانی هاوپەیمانێتییەكە، ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی و ژمارەیەك ئەندامی دیكەی هاوپەیمانیێتییەكەیان، هەڵوەشاندوەتەوە.

هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا رایگەیاند: لەگەل هێز و لایەنە سیاسیەكاندا گفتوگۆ دەكەن بۆ ئەوەی، حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی  ئەنجومەنی نوێنەران، دوور بخەنەوە بۆ ئەوەی كەسێكی شیاوتر لە قۆناغی داهاتوودا سەرۆكایەتی دەسەڵاتی یاسادانان بكات.

لە بەرامبەریشدا، ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەر بە پیكهاتەی سوننە لە بەیاننامەیەكدا، هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی‌و پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكانیان راگەیاند.

333 جار خوێندراوەتەوە