عێراق؛ تا دێت چالاكی و كارە تیرۆیستییەكانی داعش زیاتر دەبێت

08:32 - 13/05/2019
عێراق

هەواڵگریی عێراق: نزیكەی حەوت هەزار چەكداری داعش لە عێراق بوونیان هەیە   

تا دێت جموجۆڵ و كارو چالاكی تیرۆریستیی شانە نوستوەكانی رێكخراوی داعش و دەركەوتنەوەی چەكدارە پەڕاگەندەكانی لەشێوەی گروپدا لەناوچە جیاكانی عیراق بە گشتیی و پارێزگای نەینەوا بەتایبەتی, زیاتر دەبێت‌و ئەوەش بوەتە جێگەی مەترسیی و دروستبونی ناسەقامگیریی لەچەندین شوێن و ناوچە.   

بەپێی دوایین زانیاریی دەزگای هەواڵگریی عێراقیش، نزیكەی پێنج هەزار بۆ حەوت هەزار چەكداری داعش لەشێوەی گروپی گەڕۆك لەناوچە جیاكانی عیراق بوونیان هەیە.

ئەوە پەیامە ڤیدیۆییەكەی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعشە لە دوای نەمانی رێكخراوەكەی لەسەر زەوی لە عێراق و سوریا كەرۆژی 29ی نیسانی رابردوو، بڵاوی كردەوە. 

لە دوای ئەو پەیامە ڤیدۆییەی بەغدادی، هێرش و پەلاماری تیرۆریستیی شوێنكەوتوو و چەكدارە پەڕاگەندەكانی داعش لەناوچە جیاكانی عیراق، زیاتر بوەو وردە وردە شانە نوستوەكانی لێرەو لەوێ‌ خۆیان دەردەخەن. 

تەقینەوەكەی ناوچەی سەدری شاری بەغدا لە چەند رۆژی رابردوودا كە داعش بەرپرسیارێتییەكەی گرتە ئەستۆ، هەروەها سەربڕینی خێزانێكی هەشت كەسی لەناوچەی كەواری شاری موسڵ لەلایەن چەكدارانی پەڕاگەندەی داعشەوە. دوایین هێرشیش پەلاماردانی گوندی حەبیب عەبدوڵا سۆرەمێریانی نزیك خانەقینە كە باوك و كوڕێك شەهید بوون. ئەمە جگە لەوەی ناوە ناوە لەدەوروبەری چیای قەرەچوغ و ناوچەو پێدەشتەكانی پارێزگای نەینەواو و چەند شوێنێكی دیكەی جێ نفوزی رابردووی خەلافەتەكەیان لەپارێزگای نەینەواو چەند شوێنێكی دیكەی عیراق، دەردەكەون و چالاكی ئەنجام دەدەن. هەموو ئەوانەش ئەوە دەردەخەن كە هێشتا داعش لەعیراق نەك هەر ماوە. بەڵكو بەهێزیشە. 

خەدیجە، ئەو ژنەیە هاوسەرەكەی و دوو برای هاوسەرەكەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە‌و بەتۆمەتی هاوكاریكردنی سوپای عیراق لە شارۆچكەی بادوش دژی رێكخراوی داعش، بەم دواییانە كوژراون. 

خالید عەبدوڵا بەیدەر جبوری كە فەرماندەیەكی سەربازیی سوپای عیراقە لە شارۆچكەی بادوش دەڵێت: شارۆچكەكە لە رابردووداو بەتایبەتی لەسەردەمی دەسەڵاتی خەلافەتەكەی داعش، پێگەی بەهێزی رێكخراوەكە بوەو چەندین شوێنكەوتوو و لایەنگری لێرەبوون و ناوەندی دەستپێكردنی هێرشەكانی هاوینی ساڵی 2014و  سەرهەڵدانی داعش بوە لە عێراق. 

ناكۆكیی و ململانێی توندی سیاسی‌و مەزهەبی و حزبی لەپارێزگای نەینەوا لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندیی شەخسیی و حزبی، ئەمە جگە لە پشتگوێخستنی داواكاری سەرەكیی خەڵكی پارێزگاكە لەدوای نەمانی داعش و ئاوەدان نەكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان ژێر دەستی داعش، خەریكە دەبنە زەمینەیەكی باش بۆ شانە نوستوەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەی رێكخراوەكە و زیادبونی كارو چالاكیە تیرۆریستیەكانیان.  

بەپێی دوایین زانیاریی گەورە بەرپرسانی عیراق و دەزگای هەواڵگرییش، لەئێستادا، سەرەڕای نەمانی رێكخراوی داعش لەسەر زەوی، بەڵام نزیكەی پێنج هەزار بۆ حەوت هەزار چەكداری داعش لەشێوەی گروپی گەڕۆك لەناوچە جیاكانی عیراق بوونیان هەیە.   

398 جار خوێندراوەتەوە