سارا عومه‌ر خه‌ڵاتی ژنی ساڵی پێ به‌خشرا

05:40 - 12/05/2019
هەمەڕەنگ

سارا عومه‌ر، نووسه‌ری رۆمانی (مردووشۆر)، وه‌ك یه‌كه‌م ژنی كورد، لەسەر ئاستی جیهان،‌ له‌ كۆپنهاگنی پایته‌ختی دانیمارك، خه‌ڵاتی "ژنی ساڵی" پێبه‌خشرا.

 

سارا عومه‌ر، له‌ باره‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ی، به‌ KNNی رایگه‌یاند: رێوڕه‌سمی خه‌ڵاته‌كه‌، له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی "ELLE Style Awards 2019" رێكخراوه‌، كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین لقی به‌ناوبانگه‌ له‌سه‌ر ئاستی دانیمارك و جیهان.

 

وتیشی، ساڵانه‌ چه‌ند كه‌سێك دیاری ده‌كرێن بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌، ئه‌مساڵیش ئه‌و دیاریكراو توانی خه‌ڵاتی "ژنی ساڵ" وه‌ربگرێت.

 

سارا عومه‌ر، له‌سه‌ر ئاستی ده‌نگدان، كه‌ تیایدا خه‌ڵك سه‌نته‌ربوون، زیاتر له‌ شه‌ش جار هێنده‌ی ده‌نگی ئاسایی ده‌نگی هێناوه‌، كه‌ تا ئێستا هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك هێنده‌ی ئه‌و ده‌نگی نه‌هێناوه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌گدانه‌ زۆره‌ به‌ سارا به‌جۆرێكه‌ تیایدا ریكۆردی شكاندووه‌.

 

سارا راشیگه‌یاند: رۆمانی "مردوو شۆر" به‌ زمانی كوردی له‌ كۆتاییه‌كانیدایه‌، ساڵی داهاتووش، به‌ زمانی فه‌ره‌نسی و چەند زمانێکی دیكه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

 

رۆمانی مردووشۆر، له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2017، به‌ زمانه‌كانی دانیماركی، نه‌رویجی و سویدی، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تا ئیستاش زیاتر له‌ 300 هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشراوه‌.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، خه‌ڵاتی ژنی ساڵ ده‌درێت به‌و ژنانه‌ی، كه‌ له‌ناو ژنه‌كانی تردا كاره‌كانیان به‌ شێوازێكی ڕێچكه‌ شكێن دیاره‌. واته‌ ده‌یده‌ن به‌ ژنه‌ پایۆنێره‌كان. منیش له‌ دانیمارك و له‌ ئه‌سكه‌نده‌ناڤیا و زۆربه‌ی به‌شه‌كانی تری جیهان كار بۆ مافه‌كانی ژن و منداڵ و مرۆڤ ده‌كه‌م. كار بۆ شكاندنی تابۆكان ده‌كه‌م، ئه‌م خه‌ڵاته‌ دراوه‌ به‌ من، بۆ ئه‌و كارانه‌م كه‌ تا ئێستا كردوومه‌، هه‌م وه‌ك نووسه‌ و ڕۆشنبیر، هه‌م وه‌ك تێكۆشه‌ر  بۆ مافه‌كانی مرۆڤ.

 

سارا عومه‌ر، ته‌مه‌نی 32 ساڵه‌و له‌ وڵاتی دانیمارك داده‌نێشێت و پێشتریش خه‌ڵاتی "ژنی بوێر"ی پێ به‌خشراوه‌.

 

542 جار خوێندراوەتەوە