به‌ڤیدیۆ... ده‌ستبه‌رداری فیله‌ مردووه‌كه‌ی نابێت ‌

03:26 - 12/05/2019
هەمەڕەنگ

لە وڵاتی هندستان فیلێک كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهات بووه‌ بۆ خێزانێك به‌هۆكارێكی نه‌زانراو گیانلەدەستدەداو خاوەنەکەی رێگری دەکات لە سوتانی جەستەی گیاندارەکە.

 

لە ویلایەتی کیرالا لە هندستان، فیلێکی تەمەن 44 ساڵ، گیانلەدەستدەدات، کە لەو ناوچەیە بەشازادەی فیلەکان ناسرابوو، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌تێكی زۆر ده‌كرا و رازێنرابویه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی گه‌شتیاران وێنه‌ی له‌گه‌ڵ بگرن و هاوكاریی گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لیان بۆ بكات و هۆكاریش بوو بۆ ناوبانگی ئه‌و خێزانه‌.

 

وەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیارە، خاوەنەکەی بەتوندی باوەش بە سەری فیلەکە دەکات و بۆی دەگری و نایەوێت جەستەی بسوتێنرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ نه‌ریتی ئه‌و ویلایه‌ته‌، كاتێك فیلێك گیان له‌ده‌ستده‌دات له‌ مه‌راسیمێكدا ده‌سوتێنرێت.

 

هەرچەند هاوڕێکانی هەوڵ دەدەن خاوەنەکە لە فیلەکە دوربخەنەوە، بەڵام خاوەنەکەی دورناکەوێتەوەو توند باوەشی بە فیلەکەدا کردوە.

 

به‌هۆی بازرگانیكردن به‌ عاجی فیله‌وه‌، له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ی رابردوودا به‌ نزیكه‌یی دوو له‌سه‌ر سێی فیله‌كان له‌جیهاندا راوكران و به‌دڕنده‌ترین شێوه‌ له‌ناوبران، به‌ڵام خه‌ڵكانیش هه‌ن كه‌ زۆر رێز له‌و گیانداره‌ زه‌به‌لاحه‌ ده‌گرن و به‌شێوه‌ی تایبه‌ت خزمه‌تی ده‌كه‌ن و ناهێڵن هیچ كه‌س و لایه‌نێك ده‌ستدرێژی بكاته‌سه‌ر.

3965 جار خوێندراوەتەوە