پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا: كەس دەسەڵاتی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نییە

07:13 - 11/05/2019
ئابوری

نوێنەرانی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، فەرمانبەران و هاوڵاتیان هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەنەوە، لەوەی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێكی عێراقدا نییە..

لەڕونكردنەوەیەكدا، هەریەك لە هۆشیار عەبدوڵا، جەمال كۆچەر، شیروان میرزا، ئەحمەد رەشید، نوێنەرانی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایانگەیاند، لە یاسای بوجەدا، موچەی فەرمانبەران جیاكراوەتەوە لە پابەندبونی هەرێمی كوردستان بە ڕادەستكردنی نەوتەوە بە كۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەش گرەنتی ئەوەی زامن كردوە، هیچ كەسێك نەتوانێت، ئەو یاسایەی پشكی هەرێمی كوردستانی تیدا جێگیر كراوە و موچەی فەرمانبەرانی تیدا چەسپاوە، هەڵوەشێنێتەوە.

ئاماژەیان بەوەش كردوە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەنەوە، هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێكی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە، كە لەم ڕۆژانەدا لێدوانی داوە و ئەوەی لێ خوێنراوەتەوە، كە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت ئەوا بەغدادیش پابەند نابیت بە ناردنی پشكی هەرێمەوە.

لە بەشێكی تری ڕونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەوان داكۆكیكاری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبن، بە هیچ جۆرێكیش داكۆكی لە ناشەفافییەتی دۆسیەی نەوتی هەرێم ناكەن و كاردەكەن بۆ ئەوەی دۆسیەكە چارەسەری یەكجاریی بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر نەبێتە گرفت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

308 جار خوێندراوەتەوە