بەرزبوونەوەی نرخی خورما لە رەمەزاندا

01:47 - 10/05/2019
ئابوری

ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا پارێزگای سلێمانی پێویستی بە سێ ھەزار تۆن خورما ھەیە، بەڵام ئەمساڵ بە ھۆی قەدەغەکردنی هاورده‌كردنی خورما لە دەرەوە نرخەکەی زۆر زیاتر بووە و ئەوەی ھەیە بە شێوەی نایاسایی و بە قاچاخ لە سنوورەکانەوە دەھێندرێتە ناوەوە.

خورما خۆراکێکی سەرەکی مانگی رەمەزانە و لەم مانگەدا رۆژووەوانان گرنگی زۆر بەم خۆراکە دەدەن، کە بەھای تەندروستی و خۆراکی گرنگی ھەیە و لە لای موسڵمانان سوننەتێکی گرنگی رەمەزانە.

بەو ھۆیەوە لە مانگی رەمەزاندا خواستێکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی لەسەر خورما ھەیە، لە ھەرێمی کوردستانیش ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا بڕێکی زۆر خورما لە لایەن بازرگانەکانەوە دەھێندرێتە بازاڕەکان و لەم مانگەدا ساغ دەکرێتەوە.

لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا لە ھەرێمی کوردستان خورما لە بازاڕەکان کەمبووەتەوە و نرخەکەشی زۆر زیاتر بووە، بازرگانان ھۆکارەکەکەی دەگێڕنەوە بۆ قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی خورما لە وڵاتانی دەرەوە.

عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی سلێمانی لە عەلوەی سلێمانی، رایگه‌یاند: لە مانگی شوباتی رابردووەوە داواکاریمان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە بۆ رێگادان بە ھێنانی خورما لە دەرەوە بۆ مانگی رەمەزان، بەڵام دووجار داواکارییەکەمان رەتکراوەتەوە بە پاساوی ئەوەی ھێنانی خورما لە لایەن بەغداوە قەدەغەکراوە.

وتیشی: "لەئێستادا پێناسی گومرکی لە ھەمو عێراق یەکخراوە، حکومەتی عێراقیش ئەمساڵ لەبەر بەرژەوەندی جوتیارانی خورما لە خواروی عێراق، ھێنان و ھاوردەکردنی خورمای لەدەرەوە بە ھەمو شێوەیەک قەدەغە کردوە، ئەوەی ھەیە لەو ناوچانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی و قاچاخ خورما لە سعودیە و ئێرانەوە دەھێنرێتە ناوەوە و لە ھەرێمی کوردستانیشەوە بە شێوەیەکی قاچاخ و بەبڕێکی کەم خورما لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێت".

377 جار خوێندراوەتەوە