​سه‌رۆكی هه‌رێم له‌مه‌وبه‌دوا له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت

08:19 - 08/05/2019
کوردستان

هەولێر؛ پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەند كرد
هەرێمی كوردستان؛ بە گوێرەی یاساكە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێررێت

 

پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە پێنجی ئاسایی خۆیدا كە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور، بە 89 دەنگی بەڵێ‌، پرۆژەیاساكەی پەسەند كرد و بوو بە یاسا و بە گوێرەی یاساكەش، سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەمانەوە و بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان، هەڵدەبژێردرێت.

لە دانیشتنی ژمارە 5ی ئاسایی خۆیدا، پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی سەرجەم فراكسیۆنەكان، پرۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم تا پەسەندكردنی دەستوری، پەسەند.

بەگوێرەی مادەی یەكەم كە بەدەنگی 88 پەرلەمانتار پەسەند كراو تەنیا 7 دەنگ دژبوون، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە 10ی ساڵی 2018 هەڵوەشایەوەو  دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوە.
 
 هەروەها مادەی دوەمی پرۆژەیاساكەش كەبە دەنگی 88 پەرلەمانتار پەسەند كرا،  یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دامەزراوەكاندا ژمارە 2ی 2017 هەڵدەوەشێتەوە.

مادەی سێیەمی یاساكەش، كە  بە دەنگی 86 پەرلەمانتار پەسەند كراو تەنیا 21 دەنگ دژی بوون. لە بڕگەی یەكەمدا باس لەوە دەكات، كە پەرلەمان سەرۆكێك بۆ هەرێم هەڵدەبژێرێت بەو ئەرك و دەسەڵاتانەی كە لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، تاپەسەند كردنی دەستوور، كەتێیدا شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانی دیاری دەكرێن.

هەروەها لە بڕگەی دەوومیشدا دەڵێت: سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت و ئەرك و دەسەڵاتەكانیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دیاری دەكرێت. 

مادەی چوارەمی یاساكە كە زۆرترین خاڵا و پێشنیازی لەخۆگرتبوو، كە باس لە رێكارەكانی هەڵبژاردن و مەرجەكانی خۆپاڵاوتن دەكات بۆ سەرۆكی هەرێم. بەڵام هەموو پێشنیارەكان رەتكرانەوەو دواجار مادەكە بەدەنگی 86 دەنگی بەڵێ و 18 دەنگی دژ پەسەند كرا.

بەگوێرەی مادەكە،  دوای 30 رۆژ لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆ پاڵاوتن دەكاتەوەو خوازیارانی خۆكاندید كردنیش كە مەرجەكانی سەرۆكیان تێدایە بەگوێرەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان - ساڵی 2015، لەماوەی 3 رۆژدا سی ڤی و داواكاری پێشكەش دەكەن.

ئەوەشی روونكردووەتەوە،  سەرۆكی هەرێم بە دەنگدانی ئاشكرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان لەماوەی3 رۆژ لەرۆژی دەركردنی بڕیاری بنبڕ، لەسەر تانەكان هەڵدەبژێردرێت.

لە بڕگەیەكی تری مادەی سێیەمدا، رونكراوەتەوە، ئەگەر هیچ كاندیدێك دەنگی رەهای ئەندامانی بەدەست نەهێنا، دەنگدان دووبارە دەبێتەوەو كێبركێ لەنێوان ئەو دوو كاندیدە دەبێ كەزۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەوەی لە دەنگدانی دووەم زۆرینەی سادە بەدەست بهێنێ دەبێتە سەرۆكی هەرێم. ئەگەر یەك كاندیدیش هەبوو بەدەنگدانی ئاشكراو  بەدەنگی زۆرینە دەبێتە سەرۆكی هەرێم.

بەگوێرەی مادەی پێنجەم كە بە 89 بەڵێ پەسەند كرا و لە دوو بڕگە پێكدێت، ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بە كۆتاییهاتنی ماوەی ویلایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دیت و سەرۆكی هەرێمیش لە ئەرك و دەسەلاتەكانی بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی سەرۆكێكی تر.

مادەكانی شەشەم و حەوتەم و هەشتەم، كە بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كران، باس لەوە دەكەن كار بەهیچ دەقێكی یاسایی و بڕیارێك ناكرێ كە دژی حوكمەكانی ئەم یاسایە بێت. هەروەها  ئەم یاسایە لەرۆژی دەرچواندنییەوە جێبەجێ دەكرێت و  لەرۆژنامەی فەرمی وقایەعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

دوایین خاڵی پرۆژەیاساكەش كە بریتی بوو لە هۆیەكانی دەرچوواندنی یاساكە، ئاماژە بەوە كراوە  بەمەبەستی كاركردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان یاساكە دەرچوێنرا.

دوای پەسەند كردنی یەك بە یەكەنای مادەكان، سەرۆكی پەرلەمان كۆی یاساكەی خستە دەنگدانەوەو بە 89 دەنگی بەڵێ و 12 دەنگی دژ، پرۆژە یاساكە پەسەند كرا.

330 جار خوێندراوەتەوە