بزوتنەوەی گۆڕان چۆن ئامانجە ستراتیژییەكەی بەدەست هێنا؟

08:17 - 08/05/2019
کوردستان

بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان، بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوێكی تر لە ئامانجەكەی نزیك بوەوە كە سیستمی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان ببێتە پەرلەمانی و سەرۆكی هەرێم لەژێر چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەماندا بێت، بەو هەنگاوەش، گۆڕان وەڵامی هەموو ئەو كەسانەی دایەوە كە پێیانوابوو ئەم بزوتنەوەیە، شەڕی كەسەكان دەكات.

دواجار بزوتنەوەی گۆڕان  یەكەم ئامانجی بەدەستهێنا و سەرۆكی هەرێم بەپێی هەمواری پرۆژەیاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان هەڵدەبژێرێت، ئەوەش ئەو ئامانجە بوو كە هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان كاری بۆ دەكرد كە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان ببێتە سیستەمێكی پەرلەمانی.

بزوتنەوەی گۆڕان تەنها لەپێناو ئەو ئامانجەدا لە دە ساڵی رابردوودا چەندین قوربانیدا و هەرگیز ئامادە نەبوو دەستبەرداری ئامانجەكەی ببێت.

ساڵی 2013 كاتێك ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم درێژكرایەوە بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوەتی دژی ئەم هەنگاوە نایاساییە بوو.
لە ساڵی 2015 ش كە ماوەی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، بزوتنەوەی گۆڕان كە سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوە بوو ئامادەبوو هەموو شتێك بكات بەقوربانی لەپێناو ئەوەی سیستەمی حكومرانی ببێت بە پەرلەمانی و سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان هەڵبژێرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان كە شەڕی ئەوەی دەكرد سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت بە یەك ئامانج بوو ئەوش ئەوەیە سەرۆكی هەرێم لەژێر چاودێری پەرلەماندا دەبێت، بەپێچەوانەوە لەدۆخێكدا كە سەرۆك لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت خۆی لەسەروو پەرلەمانەوە دەبینێت و ناكەوێتە ژێر چاودێری پەرلەمانیەوە و پێی وایە ئەو شەرعیەتی راستەوخۆی خەڵكی هەیە و ناكرێت پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات.

هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەمو رێگاكە نیە و هەنگاوی یەكەمە بۆ چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی، بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەوە باش دەزانێت و تۆپەكەی خستۆتە گۆڕەپانی هەموو هێزەكانەوە كە لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا بەتەواوی سیستەمەكە بكەن بە پەرلەمان و تێیدا سەرۆك لەپەرلەمان هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی بێت.

بزوتنەوەی گۆران جارێكی تر سەلماندی كە شەڕی شەخس ناكات و شەڕی گۆڕان گۆرانكارییە لە سیستەمی حكومرانی و سەروەری یاسا لەم وڵاتەدا، دەریش كەوت گۆڕان ژمارەی كورسیەكانی هەرچەند بێت و لەهەر پێگەیەكدا بێت دەستبەرداری ئامانجەكانی نابێت، ئەوەی لای بزوتنەوەی گۆران دەگۆڕێت تاكتیكە، بەپێچەوانەوە ئامانجەكان نەگۆڕن.

ئەوەی گۆڕان لە هێزەكانی تر جیادەكاتەوە ئەوەیە كە بەراستی سیاسیەت دەكات و دژایەتی هیچ هێزێك و دۆستایەتی هیچ هێزێك ناكات لەسەر بنەمای رق و شەخس، بەڵكو لەسەر بنەمای ئامانجە ستراتیژییەكانی هاوڕێگاكانی هەڵدەبژێرێت، ئەوەش پێچەوانەی ئەو جۆرەیە لەسیاسیەت كە ساڵانێكە لەم هەرێمە هێزە سیاسیەكان شەڕی كۆنە قین و شەخسی دەكەن و هەر بەوەش ئەندام و لایەنگرانیان پەروەردە دەكەن.

1824 جار خوێندراوەتەوە