رێنمایی تایبەت بۆ توشبوانی شێرپەنجە لە مانگی رەمەزاندا

05:52 - 08/05/2019
تەندروستی

د.شایان عەسکەریی
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان


بە بۆنەی مانگی رەمەزان پێم باش بو چەن رێنماییەک باس بکەم سەبارەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە، کە ئایا دەتوانن بە رۆژو بن یان لە روانگەی زانست و تەندروستیەوە۰
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە نەخۆشەکان دەکەم بە چەن بەشێک:


بەشی یەکەم: ئەو بەڕێزانەن کە لە مانگی رەمەزان چارەسەری کیمیاوی یا تیشک یا کیمیاوی و تیشک بەیەکەوە وەردەگرن، نابێ بە رۆژوبن چونکە بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە چارەسەر وەردەگرن دەبێ رۆژانە بڕە ئاوێکی باش بخۆنەوە‌ بە ئەندازەی پێویستی لەشیان تا گورچیلەکانیان تەندروست بێت و خواردنی بەسود بخۆن.


بەشی دوەم: ئەو بەڕێزانەن کە چارەسەری کیمیاوی و تیشکیان لە ماوەیەکی نزیک لە هاتنی مانگی رەمەزان تەواو کردوە، باشتروایە پرس بە پزیشکی تایبەتی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی بزانن کەی دەتوانن بە رۆژوبن.


بەشی سێیەم: ئەو بەڕێزانەی ئێستا چارەسەری هۆرمۆنی وەردەگرن، چ خانم چ پیاو دەتوانن بەرۆژوبن بە مەرجێک گورچیلەکانیان کێشەی نەبێ و ئاسایی کاربکەن و نەخۆشی تریان نەبێت.


بەشی چوارەم: ئەو بەڕێزانەی کە تەنها دەرزی ئێسقان وەردەگرن (زۆمیتا، دینۆسوماب) کە کیمیاوی و هۆرمۆنی نییە، ئەو رۆژەی کە دەرزیەکە وەردەگرن رۆژێک پێشتر و رۆژێک دواتر نابێ بەرۆژوبن چونکە دەبێ ئاوێکی زۆر بخۆنەوە رۆژانە‌، رۆژەکانی تر دەتوانن بە رۆژوبن بە مەرجێک گورچیلەیان بە ئاسایی کار بکات و نەخۆشی تریان نەبێت.


بەشی پێنجەم: ئەو بەڕێزانەن کە هیچ جۆرە چارەسەرێک وەرناگرن و تەندروستیان باشە و لە باری چاک بونەوەن لە شێرپەنجە و گورچیلەکانیان بە ئاسایی کاردەکەن و نەخۆشی تریان نییە وەک فشاری خوێن و شەکرە دەتوانن بە رۆژوبن.


بەشی شەشەم: ئەو بەڕێزانەن کە لە شێرپەنجە چاک بونەتەوەو هیچ چارەسەرێک بۆ شێرپەنجە وەرناگرن، بەڵام نەخۆشی دیکەیان هەیە وەکو فشاری خوێن و شەکرەو نەخۆشی تر‌، باشتروایە پەیوەندی بە پزیشکی پسپۆڕی تایبەت بەو نەخۆشیانە بکەن سەبارەت بەوەی دەتوانن بە رۆژوبن یان نا.


لە کۆتاییدا هەمو نەخۆشێک پێویستە پرس بە پزیشکی تایبەتی خۆی بکات، چونکە ئەو لە نزیکەوە لە تەندروستی نەخۆشەکە تێدەگات.


بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن بە رۆژوبن، باشتروایە هەر بە رۆژونەبن، چونکە خوای پەروەردگار مۆڵەتی داوە بەهۆی نەخۆشیەوە رۆژویان لەسەر نییە، جا خوای گەورە کار ئاسانی فەرموە نەک بارگرانی.

856 جار خوێندراوەتەوە