پەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەدات

08:32 - 06/05/2019
کوردستان

هەولێر؛ رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان، كۆدەبێتەو دەنگ لەسەر پێشنیازی یاسای كاركردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك دەدات، ئەوەش یەكەم هەنگاوە بۆئەوەی سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، لە سەرۆكایەتییەوە بگۆڕێت بۆ پەرلەمانی و سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێررێت.

رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان، كۆدەبێتەوە‌و گرێكوێرەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكاتەوە، كە بەپێی پرۆژە یاساكە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت، كە ئەوەش یەكەم هەنگاوە بۆ گۆڕینی سیستەمی حكومرانی لەهەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی.

دوای ئەوەی ساڵی 2005 دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دروستكرا، لەو كاتەوە سەرۆكی هەرێم جارێك لەناو پەرلەمان هەڵبژێردراوە و جارێكیش لەناو خەڵكدا، هەمیشەش میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ناكۆكی نێوان لایەنەكان بووە، بزوتنەوەی گۆڕان لە دروستبوونیەوە بەردەوام داوایكردووە، كە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، دواجاریش لە رێككەوتنی ئەمجارەیدا لەگەڵ پارتی لەسەر ئەم خاڵە گەیشتن بە رێككەوتن.

دوای ئەوەی هەرسێ‌ لایەنی پێكهێنەری حكومەت، پارتی و گۆڕان و یەكێتی گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی، چاوەڕێ‌ دەكرێت هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت خێراتر بن، راستەوخۆش دوای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و ئەویش كاندیدی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی رادەسپێرێت.

بەپێی راگەیاندراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە دەنگ لەسەر پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەدات.

جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە بارەی كۆبووەنەوەكەی رۆژی چوار شەممە بە KNNی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، بڕگە بڕگە دەنگ لەسەر ماددەكانی پڕۆژە یاساكە دەدرێت، كە لە هەشت مادە پێكهاتووە، هاوكات دەنگ لەسەر ناوی پرۆژە یاساكەو هۆكاری پڕۆژە یاساكە دەدرێت، لە كۆتاییشدا بەیەك پاكێج دەنگ لەسەر كۆی پرۆژە یاساكە دەدرێت و دەبێتە یاسا.

وتیشی: ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت بە خاڵێكی گرنگ لە مێژووی سیستمی حوكمڕانی كوردستان، بەجۆرێك سیستمی حوكمڕانی لە سەرۆكایەتیەوە دەگۆڕێت بۆ پەرلەمانی‌و سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت و لە ژێر چاودێری پەرلەماندا دەبێت و هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتەكان رادەگرێت.

هەر بەپێی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، جگە لەوەی سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان بەدەنگی زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرێت، هاوكات دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەك خۆی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی دەستوری هەرێمی كوردستان دەنوسرێتەوە.

284 جار خوێندراوەتەوە