وتەبێژی پارتی: بۆ ستایشكردنیان لە هەڵوێستەكانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانمان كرد

08:42 - 05/05/2019
کوردستان

سلێمانی؛ وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد

وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد و ستایشی ئەو هەڵوێستەی گۆڕانیان كرد لە دەستپێشخەرییان بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری سەرەكیی كابینەی نوێی حكومەت. وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند: لەماوەیەكی كەمدا، هەنگاوە یاساییەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستانەوە، دەست پێدەكەن.

دواجار هەنگاوە كردارییەكان بۆ پێكهینانی حكومەت دەستپێدەكەن. 

سەردانەكەی ئەمجارەی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان، ناچێتە سەر ژمارەی سەردانەكان كە بۆ مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەماوەی ڕابردوودا چەندینجار سەردانیان كردوە ‌و كۆبونەتەوە، چونكە سەردانەكەی ئەمجارەی پارتی بۆلای گۆڕان، سەردانێكی جیاوازبوو.

یەكێك لە هۆكارەكانی جیاوازیی ئەم سەردانەی پارتی، ئەم وێنەیە كە لە بەرواری 18 شوباتدا ئیمزا لەسەر رێككەوتنەكەی نێوانیان كراوە لەسەر كابینەی نوێی حكومەت، بۆیە ئەوەی پەیوەست بوو، پرسی حكومەت‌و پشك ‌و بەركەوتە، لەمێژەوە لەنێوان گۆڕان‌و پارتی كۆتایی هاتبوو. 

وەك وتەبێژی پارتی دەڵێت: هاتنەكەیان بۆ ئەم مەبەستەبوو كە ستایشی هەڵوێست‌و تێگەیشتی گۆڕان بكەن بۆ ئەم قۆناغە. 

د. شۆڕش حاجی، لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەهاوبەشەدا وتی: گۆڕان جارێكی تر جەختی لە چاكسازیی ‌و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئەو بەرنامەو كارانە كردوەتەوە كە لەكارنامەی حكومەت جێگیركراوە. 

یەكێك لە پرسیاری ڕۆژنامەنوسان ئەوەبوو، دوای ئەم كۆبونەوانە گۆڕان لەناوخۆی خۆیدا، چۆن خۆی ئامادە دەكات. 

لەبارەی دەستپێكردنی هەنگاوە كرداریەكانی پێكهێنانی حكومەت، وتەبێژی پارتی وتی: لەماوەیەكی كورتدا رێكارەیاساییەكان لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەستپێدەكەن.

سەربارەی دانبەخۆداگرتنی بزوتنەوەی گۆڕان پاش دوو مانگ‌و پانزە رۆژ بەسەر ڕێككەوتننامە سیاسیەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، دواجار هەر بە دەستپێشخەریی خودی بزوتنەوەی گۆڕان قۆناغی كۆتایی دانوستانەكان كۆتایی هات‌و رێككەوتنە سیاسیەكان ئەنجامدران، بەڵام وەك ئەندامێكی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕانە دەڵێت: كاری داهاتووی گۆڕان لەسەر پێكەوە كاركردنی هەموو لایەنەكان دەبێت لەسەر بنەمای سەقامگیریی سیاسی‌و پێكەوەیی.

284 جار خوێندراوەتەوە