پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژۆكرد

05:15 - 05/05/2019
کوردستان

شاندی دانووستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی و شاندی دانوستانكاری یه‌كێتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سڵ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و شێوازی به‌شداریكردنی یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم رێككه‌وتن. 


نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسول، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی رێککەوتننامه‌ی نێوانیان بۆ پێکهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەت واژۆکرد.

نێچیرڤان بارزان، جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند: ئەمڕۆ هەر سێ لایەن پارتی و گۆڕان و یەکێتی و گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی و هەر سێ لایەنەکەش خۆمان بە براوەی ئەم پرۆسەیە دەزانین.

 

وتیشی "گفتوگۆکان ئاسان نەبوون، سەختیش نەبوون، بەڵام پێشتریش وتومانە دیموکراسییەت زەحمەتە، ئەوەی گرنگە بە دانوستاندن لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان رێککەوتین و گەیشتینە ئەنجامێکی باش".

 

 

هاوكات دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، دوای ئەوەی هەردوو شاندی گۆڕان و پارتی لە گەردی زەرگەتە کۆبوونەوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وته‌بێژی ئەو دوو حیزبە ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان ئاشكراكردو رێککەوتنی کۆتاییان راگەیاند.

 

شۆڕش حاجی ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری گۆڕان وتی "باشكردنی ژیانی خەڵك و بوژاندنەوەی بازاڕی كردۆتە ئەجێندای خۆی لە پێكهێنانی حكومەتدا".

وتیشی، پێویستە هێزە سیاسییەكانی كوردستان یەك و یەكگرتوو بن و هه‌ر وه‌ها بزوتنەوەی گۆڕان كاردەكات بۆ بە نیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.

 

هاوكات مەحمود محەمەد، ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نوسیه‌كه‌دا رایگه‌یاند: ئەمڕۆ هاتنمان بۆ لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ سوپاسكردنیان بوو، كە تێگەیشتنی باشیان هەبوو بۆ پێكهێنانی حكومەت و خێرا پێكهێنانی.

382 جار خوێندراوەتەوە