به‌ وێنه‌: فێستیڤاڵی بەھار بۆ بازاڕکردن له‌ سلێمانی كرایه‌وه‌

05:45 - 23/04/2019
گەلەری

بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی، فێستیڤاڵی بەھار بۆ بازاڕکردن لە شاری سلێمانی کرایەوە و ماوەی ١١ رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا کە لە ھۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و بازرگانی ئامادەبوون، شاندێکی ژووری بازرگانی پارێزگای دیاربەکر-ی تورکیاش بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا ھاتووەتە شاری سلێمانی و ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوە بوون.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ ڕایگه‌یاند، فێستیڤاڵەکە بەھارەیە و بە بۆنەی نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزانەوەیە کە تیایدا زیاتر لە ٢٠٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارییان کردووە و کاڵا و شتومەکەکانیان نمایشکردووە.

هه‌روه‌ها وتی، ئامانج لە کردنەوەی فێستیڤاڵەکە بۆ سوودمەندبوونی ھاووڵاتییانە بە تایبەت دانیشتوانی شاری سلێمانی تاوەکو کاڵاکانیان بە نرخێکی ھەرزانتر لە بازاڕ دەست بکەوێت و راستەوخۆ لە کۆمپانیاکانەوە ئەو شتانەی دەیانەوێت بەدەستی بھێنن، ھەروەھا کۆمپانیاکانیش زیاتر لە لای ھاوڵاتییان بناسرێن.

ئەو باسی لەوەش کرد، بەشێکی ئەو کاڵایانەی لە ڤێستیڤاڵەکەدا خراونەتە روو کاڵا و شتومەکی نوێن و کۆمپانیاکان دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بە ھاوڵاتییانی ئاشنا بکەن.
زۆربەی ئەو کاڵایانەی لە لایەن کۆمپانیا بەشداربووەکانەوە لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش کراون لە بواری خواردەمەنییە و کاڵا و کەلوپەلی بیانین. 

486 جار خوێندراوەتەوە