عێراق؛ هەوڵی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی دەدرێت

04:14 - 18/04/2019
عێراق

هۆشیار زێباری: حزبی دەعوە و رەوتی حیكمە هەوڵی لادانی عادل عەبدولمەهدی دەدەن 

حزبی دەعوە و رەوتی حیكمە هەوڵی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی، لە پۆستەكەی و روخانی حكومەتەكەی دەدەن. 

هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دارایی عێراق و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكدا رایگەیاند: حزبی دەعوەی ئیسلامی و رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم، هەوڵی گەڕانەوە بۆ دەسەڵات دەدەن، لەو چوارچێوەیەشدا دەیانەوێت عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی ئێستا لە پۆستەكەی دوربخەنەوە و كۆتایی بە حكومەتەكەی بهێنن. 

زێباری ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو جموجوڵەی حیزبی دەعوەو رەوتی حیكمە دوای ئەوە دێت، كە دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 دا سزای سیاسییەكانی پێشوویاندا، بۆیە پێویستە رێگری لە هەوڵێكی لەو شێوەیە بدرێت، چونكە سیاسییەكانی پێشوو شتێكی نوێیان پێنیە و هەر ئەوە دەكەن، كە پێشتر بۆ خەڵكی عێراقیان كردووە. 

پێشتریش میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، هەوڵێك لە نێوان حیزبی دەعوە، باڵی حەیدەر عەبادی و رەوتی حیكمە هەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەكی نوێ‌ بە هاوكاری چەند هێزێكی دیكە پێكبهێنن بە ئامانجی لادانی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی.

1788 جار خوێندراوەتەوە