لیبیا؛ شەڕی كۆنترۆڵكردنی تەرابلوس لەنێوان هێزەكانی حەفتەرو سەراج بەردەوامە

08:37 - 15/04/2019
جیهان

سوپای لیبیا: پێشڕەویی هێزەكانمان بە ئاراستەی ناوەندی تەرابلوس بەردەوامە 

شەڕوپێكدادانی توند لە دەوروبەری شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا لەنێوان هێزەكانی خەلیفە حەفتەرو هێزەكانی فایز سەراج، بەردەوامە. وتەبێژی هێزەكانی حەفتەریش دەڵێت: بە ئاراستەی كۆنترۆڵكردنی شارەكە، پێشڕەوییان كردوە.

 

ئەحمەد مسماری وتەبێژی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر كە بە سوپای نیشتمانیی لیبیا خۆیان ناساندوە, رایگەیاند: لەحەوت قۆڵەوە، هێرشەكانیان بەردەوامە بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری تەرابلوس‌و پێ دەچێت لەچەند رۆژی داهاتوشدا، بەرەیەكی دیكەی شەڕ بكەنەوە.  

راشیگەیاند, هێزەكانیان لەپێشڕەویدان لە میحوەری سەڵاحەدینەوە بەئاراستەی ناوەندی شاری تەرابلوس‌و بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانیشیان كاریگەریی هەبوە لەسەر پێشڕەویی هێزەكانیان. 

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: چەند وڵاتێك پشتیوانیی لە میلیشیا چەكدارەكانی تەرابلوس دەكەن، بەم دواییانەش هێزێكی بەكرێگیراوی 350 كەسیی لەدەرەوەی لیبیاوە، گواستراوەتەوە بۆ شاری تەرابلوس بۆ ئەوەی بەرگری لەمیلیشیاكان بكەن..   

333 جار خوێندراوەتەوە