عێراق؛ له‌ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی‌ ئه‌نفالدا چه‌ند داواكارییه‌ك پێشكه‌شی حكومه‌تی‌ به‌غدا ده‌كرێن

05:23 - 15/04/2019
عێراق

لیژنه‌ی‌ شه‌هیدان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، چه‌ند داواكارییه‌ك له‌باره‌ی‌ ئه‌نفاله‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا ده‌كات‌و به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت، 14 نیسان وه‌ك رۆژێكی‌ نیشتیمانی‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نفال و كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و بێسه‌رو شوێنكردنی‌ بارزانیه‌كان دیاری‌ بكرێت، له‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌ ئه‌مساڵیشدا، بڕی زیاتر له‌ ١٠٠ ملیار دینار بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ دابین ده‌كرێت كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندبوون له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ به‌عس..

له‌ ٣١ یه‌كه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌نفال، لیژنه‌ی‌ شه‌هیدان له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، كۆمه‌ڵێك داواكاری‌ پێشكه‌شی حكومه‌تی‌ به‌غدا ده‌كات. لیژنه‌كه‌ داواده‌كات رۆژی‌ 14 نیسان  بكرێته‌  رۆژێكی‌ نیشتیمانی‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نفال و كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و بێسه‌رو شوێنكردنی‌ بارزانیه‌كان.

قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوان، تاوانه‌كانی‌ رژێمی به‌عس بخرێنه‌ ناو پڕۆگرامه‌كانی‌ خوێندن و دروستكردنی‌ ده‌سته‌یه‌ك بۆ دیكۆمێنتكردنی‌ تاوانه‌كانی‌ رژێمی‌ پێشوو به‌شێكی‌ تره‌ له‌داواكانی‌ لیژنه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق
 
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق، تاوانی‌ ئه‌نفالی‌ وه‌ك كۆمه‌ڵكوژی‌ و دژی‌ مۆرڤایه‌تی‌ ناساند‌و فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ئه‌وانه‌ ده‌ركرد كه‌ تۆمه‌تبارن به‌وه‌ی‌ ده‌ستیان له‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ ئه‌نفالدا هه‌بوه‌، كه‌چی‌ تا ئێستا دادگایی نه‌كراون.
 
 له‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌ ئه‌مساڵدا، بڕی زیاتر له‌ ١٠٠ ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ زه‌ره‌رمه‌ندبوون له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ به‌عس.

104 جار خوێندراوەتەوە