قەڵادزێ: تەرمی هاوڵاتیەک بە کوژراوی دۆزرایەوە

11:56 - 15/04/2019
کوردستان

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ڕایگه‌یاند، ته‌رمی هاوڵاتییه‌ك له‌ قه‌ڵادزێی سه‌ربه‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین دۆزرایه‌وه‌ كه‌ شوێنه‌واری چه‌قۆ به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ دیار بووه‌.
 
ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی راپه‌ڕین بڵاویكرده‌وه‌،  ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی ( س . ع . ئـ ) لەدایک بووی ساڵی 1969 پیشەی کاسب، دانیشتووی گەڕەکی خانەقایه‌ له‌ قەڵادزێی سه‌ربه‌ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە هەیه‌.

پۆلیس ده‌ڵێت، بە وتەی کەسوکاریان لە دوێنی یه‌كشەممەوه‌ لە ماڵەکەی چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە و دواتر هێزە ئەمنیەکان لە لایەن کەسوکاری ئاگاداری دەکرێنەوە و لێکۆڵینەوە دەست پێدەکات، پاش بەدەستهێنانی زانیاری ورد دەستبەجێ هێزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین تەرمەکەیان دۆزیەوە.

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، پاش کوشتنی تاوانلێکراو ئۆتۆمبێلەکەیان بردۆتە نزیک گوندی (گردەسپیان) بە دوری نزیکە 15 کم لە شوێنی ڕووداو لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە سوتاوی دۆزراوەتەوە.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وتووه‌، دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ تیمی لێکۆڵینەوەی تاوانی پشدەر بە وردی پشکنینی بۆ تەرمی تاوانلێکراو و شوێنی ڕووداوەکە کردووە، لەئێستاشدا تەرمەکە لە پزیشکی دادوەری قەڵادزێیە

به‌پێی زانیارییه‌كان تاوانلێکراو باوکی شه‌ش کوڕە، په‌ڕاوی لێکۆڵینەوەش له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.

957 جار خوێندراوەتەوە