سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی سودان بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمەكەی حەسەن بەشیر دەدات

11:00 - 15/04/2019
جیهان

عەبدولفەتاح بورهان: لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان حكومەتێكی مەدەنی دادەمەزرێنین

سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی سودان بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمەكەی عومەر حەسەن بەشیر دەدات و دەشڵێت لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان حكومەتێكی مەدەنی دادەمەزرێنن.


عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی كاتی سودان بەڵێنی ئەوە دەدات ڕژێمەكەی عومەر حەسەن بەشیر بەتەواوەتی هەڵدەوەشێنێتەوەو سەرجەم سەركردەكانی ئەو ڕژێمەش لەدەسەڵات دوردەخاتەوە، دەشڵێت ماوەی حكومەتی كاتی لەدوساڵ تێناپەڕێ و لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش حكومەتێكی مەدەنی دادەمەزرێنن و دواتر ڕادەستی دەسەڵاتی هەڵبژێراوی دەكەن.

هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی كاتی، فەریق محەمەد حەمدان فەرماندەی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرای وەك جێگری خۆی دەستنیشانكردو فەرمانی قەدەغەكردنی هاتوچۆ كەلەلایەن فەریق ڕوكن عەوەز بن عەوفەوە بڕیاری لێدرابو هەڵوەشاندەوەو ئەنجومەنی سەربازیشی ڕاگەیاند كەلە10 ئەندام پێكدێن و حەوتیان فەرماندەی سەربازین.

عەبدولفەتاح بورهان لەیەكەم بەیاننامەشدا گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە مەدەنیەكان ڕاگەیاندو بەڵێنی دورخستنەوەی كەسایەتییە حزبی و حكومییەكانیدا كەلەلایەن ڕژێمی پێشوەوە دامەزرابون.

208 جار خوێندراوەتەوە