پلانی ئه‌مریكا بۆ یه‌كخستنه‌وهی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌‌

08:01 - 14/04/2019
کوردستان

ئه‌مریكا مانگانه‌ بڕی 21 ملیار دینار بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كات
حكومه‌تی عێراق مانگانه‌ 68 ملیار دینار بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كات
تا ئێستا 14 لیوای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یه‌كخراونه‌ته‌وه‌


دوای ته‌واوبونی شه‌ڕی داعش له‌ عێراق و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ستی هێنا له‌و شه‌ڕه‌دا، له‌ ئێستادا ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، رێك بخاته‌وه‌، له‌ رووی‌ نێوخۆییشه‌وه‌ یه‌كخستنی‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، بوه‌ته‌ مایه‌ی‌ موشتومڕی نێوان لایه‌نه‌كان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌، جه‌ختی‌ له‌ یه‌كخستن‌و به‌ نیشتمانیكردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ كردوه‌ته‌وه‌‌و پرۆژه‌‌و پلانیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌بوه‌...

دوای‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی‌ داعشدا به‌ده‌ستیهێنا، ئه‌م هێزه‌ وه‌ك چۆن له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ داوا ده‌كرێت به‌دامه‌زراوه‌ بكرێت و ده‌ستی‌ حیزبی‌ لێ‌ دوربخرێته‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیش ژماره‌یه‌ك له‌و  وڵاتانه‌ی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا هاوپه‌یمانیان دژی‌ داعش پێكهێنابوو، ئێستا كار بۆ رێكخستنه‌وه‌ و به‌نیشتیمانیكردنی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن...

له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ له‌ دروستبونیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌رده‌وام ته‌ئكیدی‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ دامه‌زراوه‌یكردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ پێشمه‌رجی‌ دروستكردنی‌ وڵاتێكی‌ دیموكراسی و به‌هێزه‌..

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ پرۆژه‌ی‌ پێشكه‌ش كردوه‌ و كاتێكیش وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌زیره‌كه‌ی‌ له‌ گۆڕان بوو، سه‌ره‌ڕای‌ شه‌ڕی‌ داعش كاری‌ ده‌كرد بۆ یه‌كخستنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و دورخستنه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ حیزب.

پێویستی‌ بونی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك سوپایه‌كی‌ نیشتیمانی‌، ئه‌و خاڵه‌بوه‌ كه‌ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌چه‌ندین بۆنه‌دا ته‌ئكیدی‌ لێكردۆته‌وه‌،  ئه‌وه‌شی‌ كرد به‌ پرۆژه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ده‌ساڵی‌ رابردوودا..

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ روویی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه‌ و له‌ جیهاندا به‌ ئازایه‌تی و به‌هێزی ناسراون و له‌ ماوه‌ی رابردووششدا به‌هۆی رووبه‌رووبونه‌وه‌و شكستهێنان به‌ داعش پێشمه‌رگه‌ وه‌ك هێزێكی پاڵه‌وانی جیهانی‌ ناوی ده‌ركرد و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد ژماره‌یه‌ك له‌و وڵاتانه‌ هاوكاری‌ پێشكه‌شی‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن.
هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك بون، هه‌ندێك له‌ وڵاتان هاوكاری‌ لۆجستیان پێشكه‌شده‌كرد و هه‌ندێكی‌ تریش چه‌كیان ده‌دایه‌ پێشمه‌رگه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌مریكا مانگانه‌ برێك پاره‌ی‌ بۆ موچه‌ و بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان ده‌كرد...

KNN زانیویه‌تی‌ كه‌ به‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ راگه‌یاندوه‌، كه‌ له‌ئێستادا كه‌ شه‌ڕی‌ داعش ته‌واو بوه‌ ئه‌وله‌ویه‌تیان رێكخستنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌دامه‌زراوه‌یكردنی‌ و كۆكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌ی‌ پێشكه‌شكردنی‌ هاوكارین و پرۆژه‌یه‌كی‌ 35 خاڵیشیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌كردوه‌...

به‌پێیی یاسا له‌ بودجه‌ی عێراقدا مانگانه‌ 68 ملیار دینار بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دابینده‌كرێت،  كه‌ بۆ یه‌ك ساڵ ده‌كاته‌ 816 ملیار دینار.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌پێیی لێدوانی جه‌بار یاوه‌ر ئه‌ینداری گشتی پێشمه‌رگه‌، بۆ دابینكردنی‌ ته‌واوی‌ موچه‌ی‌ مانگێكی‌ پێشمه‌رگه‌  پێویستیان به‌ 140ملیار دیناره‌، كه‌ بۆ ساڵیك ده‌كاته‌ ترلیۆنێك و 180 ملیار دینار.

به‌پێیی زانیاریه‌كانیش ئه‌مریكا له‌ئێستادا مانگانه‌ بری 21 ملیار دینار بۆ موچه‌ ده‌دات به‌پێشمه‌رگه‌ كه‌ بۆ ساڵێك ده‌كاته‌ زیاتر له‌ 252 ملیار دینار ئه‌وه‌ش بریتییه‌ له‌و هاوكارییه‌ مادییه‌ی كه‌ پنتاگۆن راسته‌وخۆ بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی دابین ده‌كات  و كۆنگرێسی ئه‌مریكاش له‌رابردوودا جارێك به‌500 ملیۆن دۆلار و جارێكی دیكه‌به‌350 ملیۆن دۆلار هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی په‌سه‌ندكردووه‌.

به‌وپێیه‌ش حكومه‌تی‌ هه‌رێم ته‌نها 51 ملیار دیناری‌ مانگانه‌ی‌ ده‌كه‌وێت سه‌ر بۆ دابینكردنی‌ موچه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌...

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌ژێر فشاری‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا، 14 لیوای پێشمه‌رگه‌ كه‌ ژماره‌یان 45 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌دا یه‌كخراون و رێكخراون، له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ش هێزه‌كانی‌ 70و 80 هه‌ن كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌ و پارتین و ژماره‌یان 120 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت.

3344 جار خوێندراوەتەوە