چه‌مچه‌ماڵ؛ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوان له‌سه‌ر مه‌زاری‌ ئازیزانیان یادی‌ تاوانی‌ ئه‌نفالیان كرده‌وه‌

07:54 - 14/04/2019
کوردستان

هه‌ڵه‌بجه‌؛ به‌ چه‌ند چالاكییه‌ك یادی‌ 31 ساڵه‌ی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال كرایه‌وه‌
خورماتو؛ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوان داوای‌ هێنانه‌وه‌ی‌ روفاتی‌ ئازیزانیان ده‌كه‌ن

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و چه‌مچه‌ماڵ و خورماتوو، یادی‌ 31 ساڵه‌ی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال كرایه‌وه‌و كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن: 28 ساڵه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ برینیان ساڕێژ بكات و ته‌نانه‌ت روفاتی‌ ئازیزانیشیان بۆ نه‌هێنراوه‌ته‌وه‌.

به‌شێكی‌ تر له‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوان روی‌ ده‌میان له‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌و داوا ده‌كه‌ن, قه‌ره‌بووی‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وییان بكاته‌وه‌, له‌گه‌ڵ گه‌ڕان به‌ دوای‌ روفاتی‌ ئازیزانیان...

باوكم ئه‌نفاله‌و خاڵۆم ئه‌نفاله‌, هێشتا نازانم ئێسك و پروسكه‌كانیان له‌ كوێییه‌, من داوا له‌ حكومه‌تی‌ عێراق ده‌كه‌م، ته‌نها ته‌رمی‌ ئازیزانمان له‌ بیابانه‌كانی‌ عێراق بۆ بهێنێته‌وه‌, هیچی‌ دیكه‌مان ناوێ. ئه‌مه‌ داواكاری‌ یه‌كێك له‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوانی‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵه‌...

له‌یادی‌ 31 ساڵه‌ی‌ تاوانی‌ ئه‌نفالدا, كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوان له‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ، چونه‌ سه‌ر مه‌زاری‌ ئازیزانیان و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: دوای‌ 28 ساڵ له‌ حوكمڕانی‌ كوردی‌، هێشتا برینیان ساڕێژ نه‌بوه‌و وه‌ك پێویستیش قه‌ره‌بو نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

 هه‌ر له‌ یادی‌ 31 ساڵه‌ی‌ تاوانی‌ ئه‌نفالدا, له‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش, ژماره‌یه‌ك مه‌راسیم و چالاكی‌ له‌ مۆنۆمێنتی‌ شه‌هیدان, به‌ڕێوه‌چوون, 31 مۆمیش وه‌ك یادی‌ 31 ساڵه‌ی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال، داگیرسێنران.

هاوشێوه‌ی‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم, له‌ قه‌زای‌ خورماتوش, یادی‌ 31 ساڵه‌ی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال كرایه‌وه‌و كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن: دوای‌ 31 ساڵ له‌ تاوانی‌ ئه‌نفال، ئیتر كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم و به‌غدا، قه‌ره‌بوی‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوان بكه‌نه‌وه‌و ژیانێكی‌ شایسته‌یان بۆ دابین بكه‌ن و واز له‌ به‌ڵێنی‌ بێ كردار بێنن...

له‌ ساڵی‌ 1988 رژێمی‌ به‌عسی‌ روخاو، به‌ هه‌شت قۆناغ، تاوانی‌ ئه‌نفالی‌ له‌ دژی‌ هاوڵاتیانی‌ كورد له‌ باشوری‌ كوردستان، ئه‌نجامدا‌و تێیدا نزیكه‌ی‌ 182 هه‌زار منداڵ و ژن و پیاوی‌ كورد زینده‌به‌چاڵ كران ته‌نها له‌ به‌ر ناسنامه‌ی‌ كوردبوونیان...

145 جار خوێندراوەتەوە