31 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕدەبێت

08:15 - 13/04/2019
کوردستان

ئەنفال بە هەشت قۆناغ جێبەجێ‌ كرا و زیاتر لە 200 رۆژ بەردوام بوو 
لەساڵی 1988 لەسەر دەستی حكومەتی بەعس 182 هەزار گەنج و پیرو منداڵ ئەنفال كران

 
31 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، تێدەپەڕێت كە حكومەتی بەعس لە ساڵی 1988 بە هەشت قۆناغ، بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامی دا كە  182 هەزار ژن و پیاو منداڵی بەرەو بیابانەكان، گواستەوەو زیندە بەچاڵی كردن، جەگە لەوەش  چوار هەزار گوند و 30 ناحیە و سێ هەزار و 100 مزگەوت و 100 كڵێسا خاپور كران.

ئەنفال.. یەكێك لە گەورەترین ئەو تاوانانەی لە مێژوودا بەرمبەر گەلی كورد ئەنجامدرا، ئەو تاوانەی زۆرێك بە هۆڵۆكۆستی كوردان ناوی دەهێنن.

ئەنفال پرۆسەیەك بوو بۆ  سڕینەوەو لەناوبردنی مۆركی نەتەوایەتی گەلی كورد لەلایەن حكومەتی بەعسەوە‌و تێیدا، 182 هەزار لە ژن و پیاو ‌و منداڵی لە بیابانەكاندا زیندە بە چاڵ كرد و زیاتر لە چوار هەزار گوند و 30 ناحیە و سێ هەزار و 100 مزگەوت و 100 كڵێسا خاپور كران.

لە ساڵی 1988، سەدام حسێن سەرۆكی ئەوكاتەی عێراق، لەژێر ناوی سورەتی ئەنفال، تاوانی ئەنفالی بەسەرپەرشتیی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای بە چەند قۆناغێك بەرامبەر گەلی كورد جێەبەجێ‌ كرد.

ئەنفال بە مانای دەسكەوتەكانی جەنگ دێت، ئەو دەستكەوتانەی مسوڵمانان لە شەڕەكاندا بەدەستیان دەهێنا، بەڵام حكومەتی عێراق دوای هەزار و 406 ساڵ لە دابەزینی ئەو سوڕەتە، بۆ لەناو بردنی گەلی كورد، ناوی ئەنفالی لە پڕۆسەی سڕینەوەی گەلی كورد، نا.

ئەنفال بە هەشت قۆناغ جێبەجێ‌ كرا و زیاتر لە 200 رۆژ بەردوام بوو كە لە كۆتایی مانگی شوباتی 1988 دەستی پێكرد تا شەشی ئەیلولی هەمان ساڵی خایەند و شەش ناوچەی جوگرافی جیاوازی گرتەوە

قۆناغی یەكەمی ئەنفال؛ لە 23ی شوبات تا 18 ی ئازاری 1988 ی خایەند
ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی لەسنوری قەزا ‌و ناحیەكانی ( دوكان، بنگرد، چوارتا، قەڵاچوالان، سەرچنار، سورداش) ی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەستی پێكرد، كە لە بەرە بەیانی 23 ی شوبات خەڵكی یاخسەمەر و سەرگەڵوو بەرگەڵوو، بە دەنگ و ناڵەی تۆپی بەعس بە ئاگاهاتن كە ئەوە بەیەكەم تەقەی دەستپێكردنی ئەنفال دادەنرێت.
رژێمی بەعس لەو هێرشەیدا، توانایەكی  سەربازی و دارایی زۆر گەورەی بۆ تەرخانكردبوو كە پێكهاتبوو لە 20 لیوا و 60 فەوج و 10 فەوجی سوك و مەفرەزەی تایبەت جگە لە دەیان دەبابە و پاڵپشتی هێزی ئاسمانی.

قۆناغی دوەم؛ لە 22 ئازار تا 1 ی نیسانی 1988 ی خایەند
ناوچەكانی قەرەداخ و بازیان و دەربەندیخانی گرتەوە كە لەو هێرشەدا 80 گوند و دوو هەزار و 241 خانوو وێران كران.

قۆناغی سێیەم؛ لە حەوتی نیسان دەستی پێكرد و 20 ی نیسان كۆتایی هات
ئەو هێرشەی ئەنفال بە كاریگەرترین و كوشندەترین هەڵمەت دادەنرێت كە ناوچەكانی (چەمچەماڵ، سەنگاو، قادركەرەم، دوز، كفری، كەلار، پێباز، تیلەكۆ) ی گرتەوەو فراوانترین هێرشی ئەنفال بوو كە زیاتر لە 500 گوندی گرتەوە.
ئەو زیانانەی بەهۆی ئەو شاڵاوەوە كەوتنەوە بریتی بوون لە: 
وێرانكردنی زیاتر لە 500 گوندی گەرمیان
زیاتر لە 30 هەزار گەنج و ژن و منداڵ و پیر بێسەروشوێن كران

قۆناغی چوارەم؛ ناوچەكانی ئاغجەلەر، ناوشوان، چەمی رێزان، دەشتی كۆیە، تەقتەقی لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە لە رۆژی 3 ی ئایار بە كیمیابارانكردنی گوندی گۆپتەپە دەستی پێكرد

قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی ئەنفال؛ لە 15 ی ئیار دەستی پێكرد و لە 26 ی ئاب كۆتایی هات، كە هێرشەكە بۆ نێو چیاكانی شەقڵاوەو رەواندوز بوو، كە گوندەكانی (وەرە، عەلیاوا، سماقوڵی نازەنین) ی گرتەوە.

قۆناغی هەشتەم و كۆتایی ئەنفال؛ لە 26 ی ئاب دەستی پیكرد و لە شەشی ئەیلول كۆتایی هات
ئەو هێرشەش بۆ سەر ناوچەكانی بادینان بوو، ئەو گوندانەی بەهۆی ئەو شاڵاوەوە وێرانكران، 450 گوند بوون، كە 19 گوند لە قەزای شێخان و 35 گوند لە ئاكرێ و 100 گوند لە زاخۆ و 233 گوند لە ئامێدی و 63 گوندی سەر بە سەنتەری شاری دهۆك بوون

لەدوای تێپەڕبوونی 31 ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەر گەلی كوردا ئەنجام درا، بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان، چاوەڕێی هێنانەوەی روفاتی كەسوكارە ئەنفالكراوەكانیان‌و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەنفالن.


320 جار خوێندراوەتەوە