عێراق؛ دووبارە لێكۆڵینەوە لە ئامێری پشكنینی تەقینەوە دەكرێت

07:13 - 13/04/2019
عێراق

بەهۆی ساختەكارییەكانی ئەو ئامێرەوە هەزاران كەس لە عێراقدا گیانیان لەدەستدا

 

 وەزارەتی ناوخۆیی عێراق رایدەگەیەنێت، بەم نزیكانە دەستدەكەنەوە بە دووبارە لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی تایبەت بە ئامێرەكانی ئاشكراكردنی تەقینەوەكان كە لە دوای ساڵی 2010 هاوردە كراون، كە بەهۆیانەوە هەزاران كەس بوونەتە قوربانی.

لە تویتێكدا، جەمال ئەسەدی، پشكنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆیی عێراق رایگەیاند، بەم نزیكانە دەستدەكەنەوە بە لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی دۆسیەی ئامێرەكانی ئاشكراكردنی تەقینەوە لە جۆری، ADE .

لە گەرمەی هێرش وتەقینەوەكانی شاری بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عێراق، بۆ ئاشكراكردنی تەقەمەنییەكان لە خاڵەكانی پشكنین، دەسەڵاتدارانی عێراق بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار لەو ئامێرەیان لە بەریتانیاوە هاوردە كرد، بەڵام دواتر دەركەوت ئامێرەكان كارناكەن و ناتوانن ڕێگری بكەن لە ئاشكراكردنی تەقەمەنی و ئوتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان.

دوای ئاشكرابوونی ئەو گەندەڵییە، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە ساڵی 2010 بە تۆمەتی گەندەڵی و هەڵخەڵەتاندن ئەو كەسەیان دەستگیر كرد كە ئامێرەكەی بەرهەمهێناوە، دواتریش دادگای ئەو وڵاتە سزای 10ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

148 جار خوێندراوەتەوە