گۆڤارێكی ئەمریكا: واشنتۆن باجی داگیركردنی عێراق دەدات

07:01 - 13/04/2019
عێراق

زەناشناڵ ئینترێست: بڕیاری داگیركردنی عێراق خزمەتی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا نەكردوە

گۆڤارێكی ئەمریكا ئاشكرای دەكات، واشنتۆن باجی داگیركردنی عێراق دەدات، چونكە بوەتە هۆكاری نەمانی ئاسایش‌و ئارامیی لەناوچەكە و بڕیارەكەش هیچ خزمەتێكی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا نەكردوە.

گۆڤاری زەناشناڵ ئینترێست لەزاری ژمارەیەك توێژەوە بڵاوی كردوەتەوە: واشنتۆن باجی ئەو هەڵەیە دەدات كە ساڵی 2003 جۆرج بۆشی كوڕ ئەنجامیداو لەڕێگەیەوە عێراقی داگیركرد.

 گۆڤارەكە ئاماژەی بەوە كردوە: بڕیاری داگیركردنی عێراق، هیچ خزمەتێكی بە بەرژەوندیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا نەكردوە، چونكە بوەتە هۆكاری نەمانی ئاسایش و ئارامی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربونی دوژمنانی ئەمریكا لەناوچەكە.

گۆڤاری زەناشناڵ ئینترێست دەشڵێت، یەكێك لە لێكەوتەكانی داگیركردنی عێراق، گواستنەوەی هەژمونی ڕێكخراوی قاعیدەبوو لەعێراقەوە بۆ سوریاو دواتر دروستبونی ڕێكخراوی داعش كە بەهۆیەوە هەزاران گەنج و لاوی جیهان، چوونە ڕیزی ئەو رێكخراوەو پاشان بوونە هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایش‌و ئارامیی جیهان.

498 جار خوێندراوەتەوە