سلێمانی؛ لە 72 كاتژمێری رابردوودا سێ هاوڵاتی كوژراون

05:00 - 13/04/2019
کوردستان

پارێزەرێك: بەرپرسانی سەربازیی حزب داڵدەی بكوژان دەدەن

تەنها لەماوەی سێ‌ رۆژدا، سێ‌ حاڵەتی كوشتن لە سێ‌ رووداوی جیاوازدا لە شاری سلێمانی، تۆمار كراون و ئەنجامدەرانی دوو لە تاوانەكانیش، تائێستا دیار نین، پۆلیس لەسەر دۆسیەی كوشتنی یەكێك لە كوژراوەكان كە خزمایەتیی لەگەڵ بەرپرسێكی حیزبی هەیە، ئامادە نییە روونكردنەوە بدات.

 

پارێزەرێكیش دەڵێت: بەرپرسانی باڵای سەربازیی حزب، داڵدەی بكوژان دەدەن‌و هەندێك لەو دۆسیانەش لە دادگا، ناگەنە ئەنجام‌و دادەخرێن.


لە گەڕەكی رۆژهەڵات لەشاری سلێمانی، رۆژی رابردوو، هاوڵاتییەک بەناوی مەلا عومەر درایە بەر دەستڕێژی گوللە و كوژرا و پاسەوانێكیشی كە لە ئۆتۆمبێبێلەكەیدا لەگەڵیدا بوو، برینداربوو.

ماڵی ئەم هاوڵاتیە ئاسەواری چەند گوللەیەك بەخانو پەنەجەرەكەیانەوەیە، لەكاتێكدا روداوەكە رویداوە خێزانی ئەم ماڵە لە سەیران بون و کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.

پۆلیسی سلێمانی لەسەر ئەم ڕوداوە، ئامادەنیە لێداون بدات، هەرچەند لەپێگەی فەرمی خۆیان بۆ هەر ڕوداوێكی لەم شێوەیە دوای چەند كاتژمێرێك رونكردنەوەیان بڵاودەكردەوە، بەڵام تا ئێستا، پۆلیس هیچ زانیارییەكی نەوتوە.

 

سەرچاوەیەكی ئەمنی كە نەیویست ناوی ئاشكرابێت، بە KNN وت، ئەو كەسەی كوژراوە، پێشتر لەسەر كوژرانی كچەكەی لە ساڵی 2015 و چەند دۆسیەیەكی تر لەلایەن دادگا و پۆلیسەوە داواكراو بوە، بەڵام لەوكاتەوە نەتوانراوە دەستگیربكرێت.

 

دوای كوشتنی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان وێنەی ئەو كەسەی كوژراوە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای حیزبی بڵاوبویەوە، هەر ئەوەش وایكرد هاوڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان داوا بكەن بەرپرسانی حیزبی چیتر كەسانی تۆمەتبار و هەڵاتوو لە یاسا داڵدە نەدەن، تەنانەت KNN زانیویەتی تاوانباری یەكێك لەو روداوانە راستەوخۆ بە ئۆتۆمبێل گواستراوەتەوە بۆ ماڵی بەرپرسێكی حیزبی لە شاری سلێمانی.

پارێزەرێك دەڵێت: حزب دەستی لە دووشتدا هەیە لەم جۆرە تاوانانەدا داڵدەی بكوژان لەگەڵ بەلاڕێدابردنی كەیسەكان لەدادگاكاندا تەنانەت، زۆربەی ئەو دۆسیانە دادەخرێن ‌و بەبێ سزا تێدەپەڕن. 

تەنها لەماوەی سێ‌ رۆژدا ئەمە سێیەم حاڵەتی كوشتنە لەشاری سلێمانی و تا ئێستاش تاوانباری دوو لە بكوژەكان دەستگیرنەكراون، كە یەكێكیان دۆسیەی كوشتنی هاوڵاتیەكەی گەڕەكی رۆژهەڵاتە.

11159 جار خوێندراوەتەوە