ئێران: له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مداین له‌ هه‌نارده‌كردن بۆ عێراق

03:04 - 13/04/2019
ئابوری

ڕه‌زا ڕه‌حمانی وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی ئێران، ئێران له‌ ساڵی 2018دا له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ دێت كه زۆرترین‌ هه‌نارده‌یان بۆ عێراق كردووه‌.

له‌كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی ویلایه‌تی كرمانشانی خۆرئاوای ئێران، ره‌حمانی باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و ویلایه‌ته‌ پێگه‌یه‌كی زۆر باشی هه‌یه‌ له‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراقدا.

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ساڵی رابردوو زۆرترین هه‌نارده‌ له‌ كرمانشانه‌وه‌ بۆ عێراق كراوه‌ و، به‌ فه‌رمانی سه‌ركۆمار وه‌به‌رهێنانی زیاتر له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌كرێت.

ره‌حمانی ئه‌وه‌شی وت، كه‌ ئێران له‌ ساڵی 2018دا له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ دێت كه‌ هه‌نارده‌یان بۆ عێراق ئه‌نجامداوه‌ و، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ توركیا و چین له‌ نزیكترین ركابه‌ره‌كانیانن له‌ هه‌نارده‌كردنی كاڵا بۆ عێراق.

ره‌حمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ ساڵی رابردوودا به‌بڕی 12 ملیار دۆلار هه‌نارده‌ی به‌رهه‌می نه‌وتی بۆ عێراق ئه‌نجامداوه‌ و، ئامانجیانه‌ له‌ ساڵی 2019دا ئه‌و رێژه‌یه‌ بگه‌یه‌ننه‌ 20 ملیار دۆلار.

105 جار خوێندراوەتەوە