رانیە؛ ئاوی بەنداوی دوكان نیشتمانی نەورەسەكانی داپۆشیوە

04:10 - 12/04/2019
هەمەڕەنگ

رانیە؛ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی بەنداوی دوكان نەورەسەكان ئاوارەبوون

گردی دوو گرتكان لە دامێنی دەشتی بتوێن بوەتە نیشتیمان نەورەسەكان و دیمەنێكی جوانی بە سنورەكە بەخشیوە، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان نیشتیمانی نەورەسەكانی داپۆشیوەو ئاوەرە بوون، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و وژینگەی راپەرینیش دەڵێت هەوڵدەدەن نەورەسەكان بپارێزن.

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان، نیشتمانیی نەورەسەكانی داپۆشیوە و نەورەسەكانی ئاوارە كردوە.

 لەناو دەریاچەی دوكان و لەدامێنی دەشتی بیتوێن گردی( دوو گرتكان ) بەدووریی یەك كیلۆمەتر لە وشكانیەوە، لەناو ئاودا دەبینرا كە بوە بوە نیشتمانی نەورەسەكان و ساڵانە لە مانگی حوزەیران هێلكەیان تیادا دەكردو بیچوەكانیان گەورەدەكرد. 

 بەڵام ئێستا ژێر ئاو كەوتوە و نەورەسەكان پۆل پۆل لێرەو لەوێ‌ بڵاو بونەتەوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەرین داوا لە هاوڵاتیان دەكات، باڵندەی نەورەس بپارێزن و نەیانكوژن و وتیشی: هەرچەندە بەهۆی بڵاوبوونەوەیان، چاودێریكردنیان قورسە، بەڵام لەڕێگەی خاڵەكانی چاودێری سەر دەریاچەكە هەوڵی پاراستنیان دەدەن.

باڵندەی كۆچەری نەورەس لەجیهاندا بەربڵاوە بەتایبەت لە ئەمریكا و ئەوروپا و ئاسیا، چەندین جۆری نەورەس هەیە، بڵاوترینیان نەورەسی سپی سەر رەشە، تەمەنێكی درێژی هەیەو 32 ساڵ دەژیت، قەبارەی لەشی 38 تا 44 سانتیمەتر دەبێت

ئەگەر تا مانگی حوزەیران نیشتمانی نەورەسەكان دەرنەكەوێتەوە، ئەوا زیانێكی زۆر بە نەورەسەكان دەگات و زیاتر پەراگەندە تردەبن، چونكە باڵندەی نەورەس لە هەمووشێنێك لانە دروست ناكات و تایبەتمەندی خۆی هەیە‌و بەهەستیاریەوە خۆی و لانە و هیڵكەكانی لە چاوی دووژمنەكانی دەپارێزێت.
 
 

2180 جار خوێندراوەتەوە