وەزیری نەوتی داعش: زیاتر لە 40 تەن زێڕ‌و كەرەستەی گرانبەهامان لە موسڵەوە بۆ سوریا بردوە

09:54 - 10/04/2019
ئابوری

وەزیری نەوتی داعش: بەغدادی لەناوچەكانی ژێر دەستی توركیایە

 

وەزیری نەوتی داعش ئاشكرای دەكات: زیاتر لە 40 تەن زێڕ‌و كەرەستەی دیكەی گرانبەهایان لە موسڵەوە بەرەو سوریا بردەوە و لەئێستاشدا بەغدادی لە ناوچەكانی ژێردەستی توركیادایە...

 

مستەفا بالی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، بەشێك لە دانپێدانانی ئوسامە عوێد ساڵحی، بڵاوكردەوە كە ماوەیەكی زۆر وەزیری نەوتی داعش بوە و ماوەی 11 مانگە لەلایەن هەسەدەوە، دەستگیركراوە.

 

وەزیری نەوتی داعش، دانی بەوە داناوە كە لەكاتی دەستبەسەراگرتنی موسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق، دەیان تەن زێڕ و بڕێكی زۆر پارە و كەلوپەلی گرانبەهایان بردوەتە ناوچەكانی ژێردەستی خۆیان لە سوریا و وەك پاڵپشتیی دارایی بەكاریانهێناوە..

 

سەبارەت بە شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش، ئاشكرای كردوە: بەغدادی لەو ناوچانەی سوریا خۆی حەشارداوە كە لەژێر دەسەڵاتی توركیادان و ئاماژەی بەناوچەكانی ئیدلەب و دەوروبەری كردوە.

 

ئەو بەرپرسەی پێشووی داعش، ئاماژەی بەوەش كردوە: لەماوەی رابردوودا، پەیوەندییەكی ئاڵۆز لەنێوان چەكدارانی داعش و ئەو گروپانەدا هەبوە كە سەر بە توركیان، چەندین كارئاسانیان بۆ داعش كردوە بۆ فرۆشتنی ئەو چەك و كەلوپەلانەی لەكاتی شەڕدا دەستیان كەوتوە یان دزیویانە.

4919 جار خوێندراوەتەوە