پشدەر؛ وەفدێكی حكومەتی عێراق سەردانی مەرزی كێلێیان كرد

07:13 - 10/04/2019
ئابوری

پشدەر؛ هەوڵەكان بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ بەردەوامن

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ، وەفدێكی حكومەتی عێراق كە نوێنەرایەتیی 12 وەزارەتی حكومەتی ناوەندی دەكرد، سەردانی مەرزەكەیان كرد، سەرۆكی وەفدەكەش رایگەیاند: سەردانەكەیان بۆ مەرزی كیلێ، ئەرێنێ بوە و هیوایان وایە سەرۆك وەزیرانی عێراق، واژۆ لەسەر بە نێودەوڵەتیكردنی بكات.


هەوڵەكان بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێی سەر بەقەزای پشدەر، بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا وەفدێكی حكومەتی عراق، سەردانی مەرزەكەیان كرد .

وەفدەكە كە نوێنەرایەتی 12 وەزارەتی حكومەتی ناوەندی دەكرد، سەردانی مەرزەكەیان كرد بۆئەوەی ڕای خۆیان لەڕاپۆرتێكدا بەسەرۆك وەزیرانی عراق بگەیەنن لەبارەی بەنێودەوڵەتیكردنی ئەو مەرزە. لای خۆیەوە سەرۆكی وەفدەكە دەڵێت: سەردانەكەیان بۆ كێلێ‌، ئەرێنی بووە و هێوایان وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا، سەرۆك وەزیرانی عراق واژۆ لەسەر بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزەكە بكات .

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە دەروازە سنوریەكانی عێراق  دەلێت: لەئێستادا دیارترین گرفت لەبەردەمیان، وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئێرانە بۆ بەفەرمیی ناساندنی مەرزەكە و بەهەمولایەن هەوڵ ئەدەن بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە.

لای خۆیەوە قائیممقامی پشدەر باس لەوەدەكات، بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ‌، كاری لەپێشینەیانە‌و بۆ ئەو مەبەستە بەشێكی زۆر لە مەرجەكانی بەنێودەوڵەتی كردنیان بۆمەرزەكە دابین كردوە و كاركردن تیایدا بەردەوامە.

مەرزی كێلێ‌ دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەزای پشدەرەوە و 25 كیلۆمەتر لەسەنتەری شارەوە دورە و نزیكترین خاڵی سنورییە لەكۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ئێستا مەرزێكی بازرگانییەو ئیران لەو مەرزەوە، تەنها كەلوپەل هەناردە دەكات و هیچ كەلوپەلێك وەرناگرێـت و هاوڵاتییان ناتوانن پیایدا سەفەر بكەن.

473 جار خوێندراوەتەوە